دامەزرێنەری گرووپی ڤاگنەری ڕووسی، یه‌ڤگینی پریگۆجین دەڵێت، با‌خموتیان بەتەواوه‌تی كۆنترۆڵكردووه، هاوکات هێزەکانی ئۆکراینیش دەڵێن دۆخەکە هەستیارە و بەردەوامین لە بەرگریکردن.
لە راگه‌یه‌ندراوێكدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، یه‌ڤگینی پریگۆجین ئاشكرایكردووه، بە تەواوەتی با‌خموتیان كۆنترۆڵكردووه.
پریگۆجین ئاماژەی به‌وه‌شكردووه ڤاگنەر تا ٢٥ی ئایار لە شارەکەدا دەمێنێتەوە و دوای ئەو به‌رواره، با‌خموت راده‌ستی سوپای ڕووسیا ده‌كات.
دامەزرێنەری گرووپی ڤاگنەر دەڵێت؛ “ته‌واوی شارەکەمان گرتووه، هەموو خانووه‌كانمان كۆنترۆڵكردووه، جارێكی دیكه هیچ كه‌سێك ناتوانێت لێمان نزیك ببێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی به‌شێكی بگرێته‌وه ده‌ست”.
یه‌ڤگینی پریگۆجین تیشكی خستووه‌ته سه‌ر ئه‌وه‌ش كه ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنی با‌خموت لە ٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ەوە بەردەوامە و ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه، ناچار بوون له‌پاڵ شه‌ڕكردن دژی سوپای ئۆکراینا، شه‌ڕی بیرۆكراسیش بكه‌ن و سوپاسی سه‌رۆكی رووسیا، ڤلادیمیر پوتینی كرد بۆ پشتیوانییكردنیان.
لەلایەکی دیکە، بریکاری وەزیری بەرگری ئۆکراینا، ئانا مالیار ئاشكرایكرد، دۆخی با‌خموت هه‌ستیاره و یه‌كه سەربازییه‌كانی ئۆکراینا به‌رده‌وامن له به‌رگرییكردن.
ئانا مالیار گوته‌كانی دامەزرێنەری گرووپی ڤاگنەری رووسی، یه‌ڤگینی پریگۆجینی به درۆخسته‌وه كه رایگەیاندبوو، با‌خموتیان كۆنترۆڵكردووه.
مالیار ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد پێکدادانی توند لە با‌خموت درێژه‌ی هه‌یه و رایگه‌یاند: “دۆخەکە هه‌ستیاره، هێزەکانمان لە ناوچەی لیتاک به‌رگریی ده‌كه‌ن، تا ئێستا سەربازەکانمان کۆنترۆڵی ژماره‌یه‌ك دامەزراوەی پیشەسازی و ژێرخان و کەرتی تایبەتییان له ناوچه‌كه له‌ژێر ده‌ستدایه”.
وتەبێژی هێزەکانی رۆژهەڵاتیش له سوپای ئۆکراینا، سێرگی چێرێڤاتی له لێدوانێكدا بۆ رادیۆیەکی وڵاته‌كه راگەیاند، هێزەکانی وڵاته‌كه‌ی ئۆپەراسیۆن بۆ گەمارۆدانی با‌خموت ئەنجامدەدەن بەڵام ره‌نگه شارەکە جێبهێڵن.
سێرگی چێرێڤاتی وێڕای ئاماژەدان بەوەی گرفت بۆ ئۆپەراسیۆنی بەرگریی لەو بەشەی با‌خموت کە له‌لایه‌ن سەربازانی ئۆكرایناوه كۆنترۆڵكراوه، درووستبووه، راشیگه‌یاند: “رووبەرێکی زۆر بچوك ماوەته‌وه و بۆردومان كردنی كارێكی ئاسانه، ئەستەمە خەڵکێکی زۆر لەوێ بهێڵدرێته‌وهم هه‌ربۆیە ئاشكرایه كه درەنگ یان زوو لەوێ دەردەچین”.
سەرچاوە؛ AA