لیژنەی گەیاندنی پەرلەمانی عێراق ئاشكرای دەكات، كە بڕی 10%ی باجیان خستۆتە سەر كارتی مۆبایل و پەرلەمانتارێكیش دەڵێت: “كاریگەری لەسەر دۆخی ئابووری هاووڵاتیان دەبێت و ڕەتی دەكەینەوە”.
لیژنەی گواستنەوە و گەیاندنی پەرلەمانی عێراق لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، بەپێی پڕۆژە یاسای بودجەی نوێ بڕی 10% باج خراوەتە سەر كارتی پڕكردنەوەی باڵانس (مۆبایل).
لای خۆشیەوە، كاروان یاروەیس، ئەندامێکی لیژنەی گواستنەوە و گەیاندن لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت: “داوا لە ئەندامانی پەرلەمان دەكەین دەنگدان لەسەر بڕگەی باج لەسەر کارتی پڕكردنەوەی مۆبایل ڕەتبکەنەوە، دوای ئەوەی لە پڕۆژە یاسای بودجەدا جێگیرکراون”.
یارۆس ئاماژەی بەوەشکرد، لیژنەکە بە هاوکاری لەگەڵ وەزارەتی پەیوەندییەکان توانیویەتی ئەو باجە کەمبکاتەوە، کە لەسەر کارتی مۆبایل سەپێنرابوو، کە پێشتر 20%، بوو بە هەماهەنگی حكومەت هەڵوەشێنرایەوە، بەڵام لە ئێستادا لە پڕۆژە یاسای بودجەی فیدڕاڵی بۆ ساڵی 2023 ئەو باجەی گەڕاندەوە بە ڕێژەی 10% لەسەر کارتی مۆبایل، ئەمەش کاریگەری لەسەر دۆخی ئابووری دەبێت بۆ هاووڵاتیان.
وتیشی، “ئەگەر مەبەست لە سەپاندنی ئەو باجە زیادکردنی سەرچاوەکانی داهات بێت بۆ حکومەت، ئەوا باشترە ئەو ملیۆنەها دۆلارەی کەڵەکەبووە وەکو قەرز و باج لەسەر کۆمپانیاکانی پەیوەندیکردن وەربگیرێت و بیگەڕێنێتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت”.