شەش ساڵ بەسەر کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا دا، تێدەپەڕێت



رێکەوت لەگەڵ ١٩ – ٥ – ٢٠١٧، نەوشیروان مستەفا ئەمین، رێکخەری پێشووی بزونەوەی گۆڕان لە شاری سلێمانی بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دواییکرد، کە وا بڕیارە ئەمڕۆ، کە هاوکاتە لەگەڵ ڕۆژی ژیانئاوایی، شوێنکەوتووان و هاوڕییانی بچنە سەر گۆڕەکەی و یادی بکەنەوە.

 

بڕیارە ئەمڕۆ لە ساڵیادی کۆچی دواییەکەیدا، کاتژمێر ٤ی پاشنیوەڕۆی لە گردی زەرگەتەی شاری سلێمانی و لە سەر مەزارەکەی دۆستان و هاوڕێیانی یادی نەوشیروان مستەفا بکەنەوە و مەراسیمێک بەڕێوەبچێت.

 

له‌ په‌یامێکدا ،بۆ یادی کۆچی دوایی نه‌وشیروان مسته‌فا بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، رایگه‌یاندوه‌، “نەوشیروان مستەفا لە شۆڕشی نوێدا پایەیەکی سەرەکی تێکۆشان و ئیرادە بوو، لە راپەرینی ئازاری ١٩٩١ ئەندازیار و فەرماندەی مەیدانی بوو، لە دروستبونی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا لە ١٩٩٢، بەرگریکاری دەوڵەتی قانون و سوپای نیشتیمانی و ئابوری بەهێز و مافی هاووڵاتیان و پەرلەمانێکی بەهێز بوو، لە دوای روخاندنی رژێمی بەعس لەگەڵ سەرکردە دیارەکانی دیکە سەلمێنەری مافەکانی کورد بو لە دەستوری عێراقدا، کە تاکو ئەم ساتەش قەڵغانی کوردە لە دانوستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵدا، ڕچە شکێن و دروستکەری یەکەمین هێزی ئۆپۆزسیۆنی مەدەنی و پەرلەمانی بوو کە بزوتنەوەی گۆڕانە”.

 

ئاماژەی بەوەشکراوە، پاش شەش ساڵ یار و نەریار گەیشتون بەو باوەڕەی کە بەرنامە و پاکێجەکانی ئەو چارەسەرێکی بنەڕەتی بوون بۆ کێشەکان، رێگەی رزگاربوون لە بازنەی قەیران و ناکۆکی و گەندەڵی و نادیموکراتی سیستەمی سیاسی هەر ئەو بەرنامەیە، ئەمڕۆ خواستی گۆڕانکاری سیاسی و سەربازی و ئابوری و بنیاتنانی دامەزراوەی نیشتیمانی بووە بە خواستی دەوڵەتە دیموکراتییە دۆستەکانی هەرێمی کوردستان، لە ناویاندا ئەمریکا، فەرەنسا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، یەکێتی ئەوروپا و زۆر دەوڵەتی دیکە.

 

راگەیەنراوەکەی بزووتنەوەی گۆڕان ئەوەشت تێداخراوەتەڕوو، رەوانشاد نەوشیروان مستەفا دنیابینیەکی فراوانی هەبوو بۆ خەباتی گەلی کورد لە هەر چوار پارچەکەی کوردستان، هەرئەوەش بوو وایکردبوو سەرکردەکانی پارچەکانی تر لە کاتی سەخت و ئاڵنگاریدا پشتیان بە نەخشەڕێگا و پشتیوانیی ڕەوانشاد قایم بوو.

 

نەوشیروان مستەفا ساڵی ١٩٤٤ لە گەڕەکی سەرشەقام لەدایکبووە، قۆناغەکانی خوێندنی هەر لە سلێمانی تەواوکردوە، ساڵی ١٩٦٧ کۆلێژی زانستە سیاسییەکانی لە زانکۆی بەغدا تەواوکردوە، سەرەتای سەرەتای حەفتاکان چوەتە نەمسا و ماستەری لەیاسای نێودەوڵەتی لە نەمسا خوێندوە.

 

لە شەستەکانی سەدەی رابردوو، چووەتە ناو سیاسەتەوە و ساڵانی ١٩٦٣ بۆ ١٩٦٤ بووەتە ئەندامی سکرتاریەتی یەکێتی قوتابیان، ساڵی ١٩٦٧ بووەتە ئەندامی لقی سلێمانی- پارتی دیموکراتی کوردستان باڵی مەکتەبی سیاسی.

نەوشیروان مستەفا لەساڵی ١٩٨١ ژیانی هاوژینی پێکهێناوە، خاوەنی دو کوڕ کچێکە.

بەر لە کۆچی دوایی خۆی، لە ١٧ی ئازاری ساڵی ٢٠١٧، خاتو شوعلە عەلی، هاوسەری نەوشیروان مستەفا، لە تەمەنی ٦٠ ساڵیدا لە شاری سلێمانی بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد.

 

نەوشیروان مستەفا یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و ماوەیەک سکرتێری کۆمەڵەی رەنجدەران بووە، تا ساڵی ٢٠٠٦ جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بووە.

 

لە ساڵی ٢٠٠٦ وازی لە کاری حیزبی لە نێو یەکێتی هێناو کۆمپانیای وشەی دامەزراند، ساڵی ٢٠٠٩ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لیستی گۆڕانی دروستکرد، کە بووە یەکێک لە پارتە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان.

بۆ كارتی نیشتمانی هاووڵاتیان ئاگادار دەكرێنەوە
پێت بۆ كارتی نیشتمانی هاووڵاتیان ئاگادار دەكرێنەوە
بە بەشداری عێراق، ئەمڕۆ لوتکەی عەرەبی لە شاری جددە بەڕێوەدەچێت
دوات بە بەشداری عێراق، ئەمڕۆ لوتکەی عەرەبی لە شاری جددە بەڕێوەدەچێت
پەیوەنیدر