ێردەی تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق ڕایدەگەیەنێت، ناكۆكییەكان لەنێوان یەكێتی و پارتی گەیشتە ئاستی مەترسیدار لە چەند مانگی ڕابردوودا و دەشڵێت: “هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دواكەوتووە”.
جنین بلاسخارت، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق لە وتەیەكدا لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان ڕاپۆرتێكی دەربارەی دۆخی عێراق و هەرێمی كوردستان پێشكەش كرد و ڕایگەیاند، لە ماوەی ڕابردوودا ناكۆكییەكانی یەكێتی و پارتی گەیشتوونەتە ئاستی مەترسیدار، بەڵام لە چەند ڕۆژی ڕابردوو سەرۆك وەزیران و جێگرەكەی كۆبوونەوە و جۆرێك لە ڕێككەوتن كراوە.
ڕاشیگەیاند، سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەوڵی زۆری داوە بۆ كۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەكان و لە ئێستادا جۆرێك لە هەماهەنگی دروست بووە لەنێوان حزبەكان و دەبێت حزبەكان بەرژەوەندی خەڵك بخەنەپێش بەرژەوەندی خۆیان ئەوەش لەبەر ناوبانگی هەرێمی كوردستان.
وتیشی، “هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان زۆر دواكەوتووە و هێشتا بەتەواوی یاساكان لە پەرلەمان دەرنەچوون، هەرچەندە بڕیارە لە كۆتایی ئەمساڵدا ئەو هەڵبژاردنە ئەنجام بدرێت”.
ئاماژەی بەوەشكرد، پەیوەندییەكانی نێوان عێراق و هەرێم بەتەواوی نەگەیشتۆتە ڕێككەوتن هەرچەندە لە مانگی 4ی ئەمساڵ ڕێككەوتنێك كراوە بۆ نەوت و دەركردنی یاسای نەوت و غاز، بەڵام هێشتا هەندێك كێشە ماون.
بلاسخارت جەختیشی كردەوە، كە هێشتا ناسەقامگیری لە عێراق ماوە، هەرچەندە هەوڵی دڵخۆشكەر هەیە بۆ بنبڕكردنی گەندەڵی و هەوڵدان بۆ پشتبەخۆبەستنی لەبواری وزە، بۆیە دەبێت لایەنەكان سازش بۆ یەكتری بكەن.
وتیشی، “دەبێت پێش 20ی كانوونی یەكەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان بكرێت.