وابڕیارە پڕۆژەی هێڵی ئاسنی نێوان عێراق – تورکیا کە لە فاوەوە دەستپێدەکات و بە هەرێمی کوردستاندا تێدەپەڕێت و لەوێوە دەگاتە تورکیا لە ساڵی ٢٠٢٨ تەواو ببێت.
یونس خالید، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای هێڵی ئاسنی عێراق، بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، تێچوی پڕۆژەی هێڵی ئاسنی نێوان عێراق -تورکیا ١٧ ملیار دۆلارە کە لەوبڕە ١٠ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلاری بۆ کڕینی شەمەندەفەری کارەبایی پێشکەوتو و شەش ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلاریشی بۆ کڕینی هێڵەکەیە.
بە وتەی بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای هێڵی ئاسنی عێراق ، پڕۆژەکە لە فاوەوە دەسپێدەکات و بە هەرێمی کوردستاندا تێپەڕدەبێت و دەچێتە ناو خاکی تورکیا و پڕۆژەیەکی گەورە و ستراتیژییە، کە هەزار و 200 کیلۆمەتر درێژییەکەیەتی.
جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە لە چوارچێوەی سەردانێکی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ تورکیا هات کە تیایدا ژمارەیەک رێککەوتنی ئابوری و بازرگانی لەگەڵ حکومەتی ئەو وڵاتە واژۆکرد.