وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی حكومەتی عێراق كەمترین مووچەی كارمەندان و كرێكاران بەپێی یاسای بیمەی كۆمەڵایەتی ئاشكرادەكات و لیژنەی كاری پەرلەمانیش دەڵێت: “یاسای خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی کرێکاران یەكێك دەبێت لە گرنگترین یاساكان”.
ئەحمەد ئەسەدی، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق ڕایگەیاند، بەگوێرەی یاسای پەسەندکراوی خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی کرێکاران کەمترین بڕی موچەی خانەنشینانی کرێکار 500 هەزار دەبێت.
حسێن عەرەب، سەرۆكی لیژنەی كار و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی بۆ ئاژانسی فەرمی (العراقیە) ڕایگەیاندووە، یاسای خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی کرێکاران یەكێك دەبێت لە گرنگترین یاساكان، كە ئەمڕۆ پەسەند كرا و حكومەت و پەرلەمان گرنگییەكەی تایبەتی پێ دەدەن.
ڕاشیگەیاندووە، شێوازی هەژمار كردنی خانەنشینی لە كەرتی تایبەتی ڕێكخراو بەپێی یاسای خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی بەجۆرێكە، كە 5%ی لە مووچەی فەرمانبەرەكە (كارمەند) دەدرێت و 12%ی لەلایەن خاوەن كارەوە دەدرێت و 8%ی لەلایەن حكومەتەوە دەدرێت و بەوەش دەبێتە 25%ی مووچەی كارمەندەكە.
ڕوونیشی كردەوە، سەبارەت بە مووچەی خانەنشینی لە كەرتی تایبەتی ناڕێكخراو 5%ی لەلایەن (كرێكار)ەوە دەدرێت و 15%ی لەلایەن حكومەتەوە دەدرێت و ئەوەش دەكاتە 25% و ئەو ڕێژەیەش هاندانێكە بۆ كەرتی تایبەت تاوەكو بیمەیەك بێت بۆ كرێكار و خێزانەكە و تەنانەت وەرەسەكەشی.
وتوشیەتی، “بەرزترین ڕێژەی خزمەت 63 ساڵە و كەمترینی 15 ساڵە و ماوەی ناوەڕاستی خزمەت بە 20 بۆ 55 ساڵ دیاری كراوە و هەروەها یاساكە تایبەتمەندی داوە بە ژنان و بەتایبەتیش ئەو ژنانەی سكپڕن یان نەخۆشن، كە خزمەتی خانەنشینییان بۆ هەژمار دەكرێت بەڕێژەی یەك لەسەر سێ”.
ئاشكراشی كردووە، مووچەی خانەنشینی دیاری دەكرێت لەسەر بنەمای مووچەی ناوەڕاستی دوایین 5 ساڵی خزمەتی و لێك دەدرێت لەگەڵ ساڵانی خزمەتی بە مانگ تاوەكو مافی فەرمانبەران و كرێكارانی پێشوو بدرێت.
سەرۆكی لیژنەی كاری پەرلەمان جەختیشی كردۆتەوە، ئەو یاسایە باشترین یاسا دەبێت بۆ پاراستنی شكۆی هاووڵاتی عێراقی.