پەرلەمانتارانێكی پێشووی پەرلەمانی عێراق كاتی لەكارخستنی محەمەد حەلبوسی لە پۆستی سەرۆكایەتی پەرلەمان ئاشكرادەكات و دەشڵێت: “پڕۆسەی تێپەڕاندنی بودجەی 2023 قورس دەبێت”.
جاسم بەیاتی، ئەندامی خوولی پێشووی پەرلەمان بۆ ئاژانسی (المعلومە) ڕایگەیاندووە، پڕۆسەی تێپەڕاندنی پڕۆژە یاسای بودجەی فیدڕالچی بۆ 3 ساڵی داهاتوو ئاسان نییە و ڕووبەڕووی ئاستەنگی قورس دەبێتەوە و دەشڵێت: “سەرەڕای فشارە سیاسییەكان، بەڵام لە هەموو حاڵەتێكدا بودجە پەسەند دەكرێت”.
ڕاشیگەیاندووە، لادانی محەمەد حەلبوسی لە سەرۆكایەتی پەرلەمان دوای پەسەند كردنی بودجەی ئەمساڵ دەبێت و بۆ ئەوەش جووڵەیەكی ڕاستەقینە لەلایەن سوننەكانەوە دەستی پێكردووە.
بەیاتی ڕوونیشی كردۆتەوە، فشارەكانی كورد و سوننە ڕوونن لەپێناو بەدەستهێنانی دەستكەوتی خۆیان لە بودجەدا و بۆ ئەوەش كێبڕكێ هەیە لەلایەن هێزە سیاسییەكان و پەرلەمانتارانەوە بۆ بەدەستهێنانی دەستكەوتی دارایی.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە پێشتریش مزاحم حویت، وتەبێژ بەناوی هۆزە عەرەبییەكان لە نەینەوا ڕایگەیاندبوو، حەلبوسی بەم زووانە لە پۆستەكەی لادەدرێت و باشترین كەسیش، كە چانسی وەرگرتنی ئەو پۆستەی هەرێت (خالید عوبەیدی) وەزیری پێشووتری بەرگری عێراقە.
وتووشیەتی، “حزبی تەقەدوم هەوڵی سەپاندنی دیكتاتۆریەت دەدات لەسەر هاووڵاتیان لە ئەنبار”.
ماوەیەكە دەنگی جەماوەری و سیاسی بۆ دوورخستنەوەی محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمان لە پۆستەکەی بەرزبۆتەوە و تۆمەتباری دەكەن بە ئەنجامی چەندین پێشێلکاریی گەورە، کە لەم دواییانەدا سەریان هەڵداوە و ئەو دۆسیانەی گەندەڵی، کە ئاماژە بە تۆمەتی تێوەگلانی ئەو دەکەن.