ڕۆژهەڵاتییەكان بەبۆنەی دۆڕانی ئێرانەوە ئاهەنگیان گێڕا



 

شەوی ڕابردوو هاووڵاتیانی بەشێك لە شارەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بەبۆنەی دۆڕانی هەڵبژاردەی ئێران بەرامبەر هەڵبژاردەی ئەمریكا لە مۆندیالی قەتەر، شاییان گێڕا.

بەپێی سەرچاوە خۆجێییەكان، شەوی ڕابردوو هاووڵاتیانی شارەكانی مەریوان و سەقز و كرماشان و مەهابادی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، لەگەڵ بیستنی هەواڵی دۆڕانی هەڵبژاردەی ئێران بەرامبەر ئەمریكا، ڕژانە سەر شەقامەكان و ئاهەنگ و شاییان گێڕا.

هاوكات لە شارەكانی ورمێ و مەهاباد و سنە و سەقز و كرماشان و چەند ناوچەی دیكە دوای چەند ڕۆژێك بێدەنگی خۆپیشاندانەكان دەستیانپێكردەوە.

ماوەی دوو مانگ زیاترە ناڕەزایی و خۆپیشاندان لە شارەكانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی كوردستان بەردەوامن بەهۆی گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی كچە كوردی شاری سەقزەوە، كاتێك لەلایەن پۆلیسی ئێرشادەوە دەستگیركرابوو.

ناڕەزایەتییەكان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان چەندین شێوازیان بەخۆیانەوە بینیوە، ئەم خۆشی دەربڕینەی شەوی ڕابردوو بۆ دۆڕانی هەڵبژاردەی ئێران، شێوازێكی نوێیە.

لەیارییەكی دیكەی هەمان مۆندیالیشدا هاندەرانی هەڵبژاردەی ئێران دروشمی ژن ژیان ئازادییان لەنێو یاریگەكاندا بەرزكردەوە.

لە مۆندیالی قەتەردا شەوی ڕابردوو هەڵبژاردەی ئێران و ئەمریكا بە یەككەوتن، ئەمریكا بە یەك گۆڵ بەرامبەر بە سفر یارییەكەی لە ئێران بردەوە و بەئەو ئەنجامەش هەڵبژاردەی ئێران لە مۆندیال چووە دەرەوە.

هەڵبژاردەی ئێران شەش جار لە مۆندیالدا بەشداریكردووە، هەر شەش جارەكە لە قۆناغی كۆمەڵەكان ماڵئاواییكردووە.

 

لە عێراق پێنج تیرۆریست دەستگیركران
پێت لە عێراق پێنج تیرۆریست دەستگیركران
بوومەلەرزەیەك ئانتاڵیای هەژاند
دوات بوومەلەرزەیەك ئانتاڵیای هەژاند
پەیوەنیدر