حكومەتی هەرێم بۆ پارەی ئاوی هاووڵاتیان دوو بڕیار دەدات



حكومەتی هەرێم و وەزارەتی شارەوانی بۆ پارەی ئاو دوو بڕیاریان لە بەرژەوەندی هاووڵاتیان دەركردووە، كە یەكێكیان لێخۆشبوونی 15% ئەگەر هاووڵاتی هەموو پارەی ئاوەكەی بدات و دووەمیشیان ئەوەیە، كە هاووڵاتی دەتوانێت ئەو پارەیەی لایەتی بیكات بە 6 قیست.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكومەتی هەرێم بڵاویكردەوە، بڕیاری لیخۆشبوونی 15%ـی قەرزی کرێی ئاو، تاوەکو 10ـی حوزەیران درێژکراوەتەوە.

ئامانج جەلال، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی بۆ (خەڵك) وتی، “بە پێی بڕیاری بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێم، لەمەودوا هەر هاوبەشێكی ئاو، كە قەرزداری پارەی ئاوە و لەسەری كەڵەكە بووە دەتوانێت بە قیست بیداتەوە، بەو مەرجەی ئەو قەرزەی لەسەریەتی لە 200 هەزار دینار زیاتر بێت”.

وتیشی، “شێوازی قیستەكە بە جۆرێكە، پێشەكی 25%ی پارەكە وەردەگیرێت و ئەوەی دەمێنێتەوە دەكرێتە 5 قیستی دیكە هەر قیستەی 15%ی پارەكە بدات”.

ئاشكراشی كرد، ئەو هاوبەشانەی هەموو پارەی قەرزی ئاو دەدەنەوە 15% لێخۆشبوونیان لە پارەكە بۆ دەكرێت و ئەو بڕیارەش تا 10ی حوزەیران درێژكراوەتەوە.

لای خۆشیەوە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێم لە ڕوونكردنەوەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، دوای هەڵسەنگاندنی پڕۆسەی بابەتی لێخۆشبوونی ڕێژەی 15%ی کرێی ئاو و داواکاری زۆری هاووڵاتیان بۆ درێژکردنەوەی پڕۆسەکە، تا ئێستا زیاتر لە 12 هەزار هاووڵاتی لێی سوودمەند بوون.

ئاشكراشی كردووە، پاش پێشکەشکردنی ڕاپۆرتێک بۆ ئەنجوومەنی وەزیران، بڕیاردرا ماوەی لێخۆشبوون لەمانگێک بۆ دوو مانگ درێژ بکرێتەوە، واتا ئەم پڕۆسەیە تاکو ١٠-٦ ی ئەمساڵ بەردەوام دەبێت.

بانكی ناوەندی پلانی هەرزان كردنی دۆلاری ڕاگەیاند
پێت بانكی ناوەندی پلانی هەرزان كردنی دۆلاری ڕاگەیاند
خەڵك؛ ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی توركیا بڵاودەكاتەوە
دوات خەڵك؛ ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی توركیا بڵاودەكاتەوە
پەیوەنیدر