وەزیری دارایی عێراق سەبارەت بە داڕشتنەوەی پلەبەندی نوێی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و زیادكردنی مووچە و دەرماڵە ئاشكرای دەكات، كە لە بودجەی ئەمساڵدا دەستكاری مووچە ناكرێت و دەڵێت: “ڕەنگە لە بودجەی 2024 و 2025دا گۆڕانكاری بكرێت”.
لەساڵی ڕابردوودا بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران لیژنەیەكی باڵا لەلایەن وەزارەتەكانی (دارایی و پلاندانان) پێكهات بۆ داڕشتنەوەی پلەبەندییەكی نوێ بۆ مووچەی فەرمانبەران و لە ئێستاشدا كاری لیژنە باڵاكە كۆتایی هاتووە و پلەبەندی نوێی مووچە و دەرماڵەكان دراوە بە ئەمیندارێتی گشتی ئەنجوومەنی وەزیران تاوەكو دوای پەسەند كردنی بودجە بیخاتە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیران بۆ پەسەند كردن و ناردنی بۆ پەرلەمان بۆ دەرچوواندنی وەك یاسا.
تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ژمارەیەك میدیاكاران ڕایگەیاندووە، لە پڕۆژە یاسایی بودجەی ساڵی 2023 هیچ گۆڕانكارییەك لە مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و چاودێرانی كۆمەڵایەتیدا ناكرێت، بەڵام ڕەنگە لە ساڵی 2024 و 2025ـدا گۆڕانكاریان تێدا بكرێت.
ڕاشیگەیاند، پڕۆژە یاسای بودجە بۆ 3 ساڵە و بودجەی ئەمساڵ دەبێتە بنەمایەك و دەكرێت لە ساڵانی 2024 و 2025 هەمواربكرێت و لەلایەن وەزیری دارایی و پلاندانانەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران بەرزبكرێتەوە و دوای پێداچوونەوە بەرزبكرێتەوە بۆ پەرلەمان.
ئاشكراشی كرد، “بەردەوامن لە بەهەمیشەیی كردنی ئەو فەرمانبەرە گرێبەستانەی، كە دوو ساڵ یان زیاتر خزمەتیان هەیە و لە بودجەی ئەمساڵدا چارەسەری كێشەی ئەو فەرمانبەرە گرێبەستانە كراوە، كە گرێبەستەكانیان هەڵوەشاوەتەوە”.
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە 13 ئازاری ئەمساڵدا رەشنووسی بودجەی هەرسێ ساڵی 2023 و 2024 و 2025ی پەسەندكرد و ڕەوانەی پەرلەمانی كرد و تا ئێستا پەرلەمان دوو خوێندنەوەی بۆ كردووە و بڕیارە لەماوەی ئەم هەفتەیەدا ڕاپۆرتی لیژنەی دارایی كۆتایی بێت و بخرێتە بەرنامەی كاری كۆبوونەوەكانی پەرلەمان بۆ پەسەند كردنی.