کورد و زمانەکەی لە دڵی بانگەشەکانی هەڵبژاردنەکانی تورکیا



یەک لەسەر پێنجی هاووڵاتیانی تورکیا کوردن، بەڵام زمانی کوردی لە قوتابخانەکاندا ناخوێندرێت، بەڵام هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ پاراستنی زمان و کولتوورە ڕەسەنە کوردییەکەیان.

 

گەشتێک بۆ ئامەد کە لای تورکان ناوی دیار بەکرە و  زۆرینەی کوردن

لە شەقامەکانی شاری ئامەد کە زۆرینەی کوردە، تێبینی جیاوازی دەکەیت لە نێوان ئەوەی دەیبیستێت و ئەوەی دەیبینێت، زمانی تورکی بە تەواوی زاڵ نییە بەسەر بیستندا، بەڵکو زاڵە بەسەر دیمەنەکاندا.

 

لە شارێکدا کە زۆرینەی ڕەهای دانیشتووانەکەی خۆیان بە کورد دەناسێنن، بەزەحمەت دەتوانی وشەیەک یان ئاماژەیەک جگە لە زمانی تورکی ببینیت. تەنانەت ناوی کوردی شارەکەش کە هەڵگری سیمبۆلیزمی تایبەتە بۆ کورد لە ناوخۆ و دەرەوەی تورکیا، “ئامەد”، تەنیا بە شەرمەوە لێرە و لەوێ دەردەکەوێت و زۆرجاریش لە چوارچێوەیەکی سیاسیدا وەک جۆرێک لە تەحەدای دۆخی ئێستا ئەو ناوە دەردەکەوێت.

 

چەند ڕۆژێک پێش هەڵبژاردنە پەرلەمانی و سەرۆکایەتییەکەی تورکیا، شەقامەکانی ئامەد پڕن لە لافیتەی هەڵبژاردن، لێرەشدا بە دەگمەن دەبینین هیچ کام لە لایەنە کێبڕکێکارەکان بە زمانی دایکی خۆیان موخاتەبەی دانیشتوانی ناوچەکە بکەن، جگە لە هەندێک لایەنی وەک پارتی چەپی سەوزی لایەنگری کورد کە لە تابلۆی هەڵبژاردنەکانیدا هەردوو زمانی تورکی و کوردی بەکاردەهێنێت.

 

جێگای سەرنجە پارتی داد و گەشەپێدان کە بە هاوپەیمانی لەگەڵ پارتە ناسیونالیستەکان هاتووەتە ناو کێبڕکێی هەڵبژاردنەوە، یەکێکە لەو کەمترین پارتانەی کە بە زمانی کوردی قسە بۆ دەنگدەرانی دەکات لە ناوچەکەدا کە ئەویش مەرامی پێیانە، پارتەکەی ئەردۆگان بە لافیتەیەکی گەورە ئەو هەوڵە ئاشتیانەیە بیردەخاتەوە کە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا لە سەرەتای دەسەڵاتی خۆیدا نیشانیدا، کە بە دانوستان لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان(پەکەکە) بە ناوبژیوانی پارتی دیموکراتی گەلان لە نێوان ساڵانی ٢٠١٣ بۆ ٢٠١٥ بەردەوام بوو، کاتێکیش سەرۆک کۆماری تورکیا شکستی خۆی ڕاگەیاند، دواتر توندوتیژی لە ناوچە زۆرینە کوردییەکان لە باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا پەرەی سەند.

 

موراد بایرام، ڕۆژنامەنووس و نووسەری کورد لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی (DW) ڕایگەیاندووە، “ئەردۆغان گرنگترین هەنگاوی مێژووی تورکیای بەرامبەر کورد ناوە کاتێک دەستی کرد بە وانە وتنەوە بە زمانی کوردی لە زانکۆکان و ڕێگەی دا بە دامەزراندنی وێستگەیەکی کوردی زمان کە سەر بە زمانی کوردیی بێت”.

تەلەفزیۆنی فەرمی تورکیا TRT.” لەو سەردەمەدا بزووتنەوەی فەرهەنگی کورد لە تورکیا شایەتی سەرهەڵدانەوەی بوو، زۆرێک لە ڕۆژنامەکانی تورکیا لاپەڕەکانیان بۆ زمانی کوردی تەرخان کرد.

 

بایرام لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێ “هەمان ئەو کەسەی لە مێژووی تورکیادا باشترین هەنگاوی بەرامبەر کورد هەڵگرت، خراپترین هەنگاوی ناوە کاتێک دوای شکستی دانوستانەکانی ئاشتی چالاکییە کولتووریەکانی لە کورد قەدەغە کرد”.

 

بایرام دەڵیت؛ دەرئەنجامی شکستی ئەردۆغان لە پرۆسەی ئاشتیدا، ئەوە بوو، لە کۆی دوو هەزار ڕۆژنامە، کە ئەمڕۆ لە سەرتاسەری تورکیادا بە زمانی تورکی نووسراون، تەنیا یەک ڕۆژنامە بە زمانی کوردی هەیە، ئەویش ڕۆژنامەیەکی هەفتانەیە و لە نێوان زیاتر لە ٤٧٠ تەلەفزیۆنی تورکی زماندا، تەنیا یەک کەناڵی کوردی زمانی TRTKurdÎ هەیە.

 

گۆڕانکاری لە باوەڕی پارتی گەلی کۆماری

دیارترین ڕکابەری سەرۆک کۆماری تورکیا کەمال کلیچدارئۆغڵو کاندیدی ئۆپۆزسیۆن و سەرۆکی پارتی گەلی کۆمارییە کە لە مێژوودا بە پتەویی خۆی لە مامەڵەکردن لەگەڵ ناسنامە نەتەوەیی و ئایینییەکان ناسراوە، ئەو ڕێبازێکی نوێی لە پارتەکەی گرتووەتەبەر.

 

کڵیچدار لە سەردانەکەیدا بۆ ئامەد پێشنیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی پەرلەمانی بۆ ئاشتەوایی و چارەسەری کرد.

 

موراد بایرام دەڵێت: “ئەمڕۆ وشەی (کورد) لەسەر زاری سیاسەتمەدارانە، ئەمەش هەنگاوێکی باشە، کاتێک کەسی بەرامبەر دان بەوەدا دەنێت کە بوونتا هەیە، ڕەنگە ڕۆژێک قەناعەتی پێبکرێت کە ئێمە مێژوو، زمان و کولتووری خۆمانمان هەیە”.

 

لە وڵاتێکدا کە کورد نزیکەی لەسەدا ٢٠ی کۆی دانیشتوانی پێکدەهێنێت، داواکارییەکان بۆ ئەوەی زمانی کوردی بکرێتە زمانێکی فەرمی لەو وڵاتەدا، تەنیا وەک دروشمێک دەمێنێتەوە کە ئەو داوایەش تەنیا لە پارتە کوردییەکانەوە سەرچاوەی گرتووە کە ڕۆڵێکی گرنگیان لە گەمە سیاسییەکاندا نییە.

 

پاراستنی زمان لە ڕێگەی ئەدەبەوە

ئەگەر زمان گرنگترین هەڵگری ناسنامە و ئامرازی پەیوەندیکردن بێت بۆ گەلان، ئەوا لە هەر ٥ هاووڵاتییەک لە تورکیا یەکێک هەیە کە توانای پەیوەندی لەگەڵ میراتە کولتووری فەرهەنگی و زمانەوانییەکەی خۆی نییە، چونکە زمانی کوردی لە قوتابخانەکاندا ناخوێندرێت، دەستووری تورکیا دەڵێت؛ ” هیچ زمانێک جگە لە زمانی تورکی ناتوانرێت وەک زمانی دایکی هاووڵاتیانی تورک لە هەر جۆرە دامەزراوەیەکی پەروەردەیی بخوێنرێت”.

 

لە قاوەخانەیەک لە نزیک شاری کۆنی ئامەد، نووسەر و ڕۆژنامەنووس عومەر فاروق بورهان دانیشت و باسی ئەزموونی ژیانی لە نێوان دوو زماندا بۆ کردین.

 

ئەو دەڵێت: “پرسی زمانی کوردی لای من پرسێکی نیشتمانی نییە، بەڵکو پرسێکی مرۆییە”، ئاماژە بە ڕۆژانی سەرەتای خوێندنی سەرەتایی دەکات کە ناچاربوو بۆ یەکەمجار لەگەڵ زمانێکدا بەرکەوتنی هەبێت کە قسەی پێ نەکردووە.

سەرچاوە؛ DW

یاسین مەحمود، پیرۆزبایی لە هۆزەکانی عەشیرەتیی ئاغا سووری دەکات
پێت یاسین مەحمود، پیرۆزبایی لە هۆزەکانی عەشیرەتیی ئاغا سووری دەکات
حاخامێکی ئیسرائیلی، هیرشێکی توند دەکاتە سەر عەرەب
دوات حاخامێکی ئیسرائیلی، هیرشێکی توند دەکاتە سەر عەرەب
پەیوەنیدر