ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ئاشكرای دەكات، كە هەوڵێك هەیە بۆ بەهێزكردنی وەزارەتەكان لەڕێگەی دیاری كردنی تەرخانكراوی دارایی لە بودجە و دەشڵێت: “جدییەت بەدی ناكرێت لە پڕۆژەی پلەبەندی مووچە لە پەرلەمان”.
مستەفا سنێد، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بۆ (سۆمەریە نیوز) ڕایگەیاندووە، ئەو بودجەیە دەسەڵاتی ناوەندەکەی لەسەر حیسابی پارێزگاکان بە تەرخانکردنی دارایی بەهێزتر کرد و کار بۆ لاوازکردنی بودجەی پارێزگاکانی باشوور و فوڕاتی ناوەڕاست کراوە.
ڕاشیگەیاندووە، لیژنەی دارایی ڕەزامەند نەبووە لە لاوازكردنی پارێزگاكان و بەهێزكردنی وەزارەتەكان لەڕێگەی تەرخانكراوی دارایی بۆیان، هەربۆیە 6 ترلیۆن دینار تەرخان كراوە بۆ پارێزگاكان و 2 ترلیۆنیش بۆ پشكی پتڕۆ دۆلار.
ئاشكراشی كردووە، پلەبەندی نوێی مووچە لە ئێستتادا لە ئەمیندارێتی گشتی ئەنجوومەنی وەزیرانە و لیژنەی تایبەتمەند بە پڕۆژەكە تا ئێستتا پەسەندی نەكردووە و پێویستی بەوەیە بگەڕێتەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بۆ پەسەندكردنی.
وتوشیەتی، “لەناو پەرلەمان جدییەتێك نابینرێت بۆ پەلەكردن لە حكومەت بۆ پەسەندكردنی پلەبەندی نوێی مووچە”.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە بەپێی پڕۆژەی پلەبەندی نوێی مووچە، مووچەی فەرمانبەران زیاد دەكرێت و كەمترین مووچەی بنەڕەتی دەبێتە 450 هەزار دینار لەگەڵ پێدانی دەرماڵەی مەترسی بۆ سەرجەم فەرمانبەران و زیادكردنی دەرماڵەی هاوسەر و منداڵ.