فڕۆکەخانەی نیودەوڵەتی هەولێر ڕایدەگەیەنێت، ئێستا بە نزیکەیی ( 2150 ) کارت دەستی بەسەردا گیراوە، كە گەشتیاران ویستویانە بیبەنە دەرەوە و بە پارە بیفرۆشنەوە.
فڕۆکەخانەی نیودەوڵەتی هەولێر لە ئاگادارییەكدا بۆ گەشتیاران ئاماژەی بەوەكردووە، دوای زیادبوونی دیاردەی بردنە دەرەوەی ( (Credit Card, Debt Cardبە ڕێژەیەکی بەرچاو لە فڕۆکەخانەدا، تاوەکو ئێستا بە نزیکەیی (2150) کارت دەستی بەسەردا گیراوە.
ئاشكراشی كردووە، ئەو كارتانە لەلایەن گەشتیارانەوە بە مەبەستی بردنە دەرەوەی وڵات بۆ ساغکردنەوەی پارە بەکارهاتووە.
فڕۆکەخانەی نیودەوڵەتی هەولێرە جەختیشدەكاتەوە، “ئەم بابەتە ڕێگەپێدراو نییە، بەپێی یاسا و ڕێنماییە داراییەکان ڕێکخراوە. هەر گەشتیارێک دەتوانێت تەنیا دوو کارت بباتە دەرەوەی وڵات، بە مەرجێک ئەم دوو کارتە بە ناوی خودی گەشتیارەکەوە تۆمارکرابێت لە هەر بانکێک دا”.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا ئاشكرای كردووە، لەماوەی دوو مانگدا دەستیان بەسەر 2341 كارتدا گرتووە.