زمان بەپێی گەل و جوگرافیای جیاواز لەنێوان خۆیاندا جیاوازن، یەکێک لە زمانە دیارەکان کە بە درێژایی مێژوو لە ئەنجامی یەکگرتنی شارستانیەتەکان پێکهاتووە، زمانی ماڵتاییە.
کاتێک سەردانی ماڵتا دەکەیت، هەست دەکەیت لە وڵاتێکی عەرەبییت، لێرە دانیشتوان “بە شێوەزاری خەڵکی مەغریب بە زمانی عەرەبی قسە دەکەن، بەڵام عەرەب نین”.
ماڵتا، لە ساڵی ٢٠٠٤ پەیوەندی بە یەکێتی ئەوروپاوە کردووە و لە ساڵی ٢٠٠٧ بووەتە ئەندامی ناوچەی شنگن، دەکەوێتە دەریای ناوەڕاست کە تەنها ٨٠ کم لە باشووری ئیتاڵیا دوورە و یەکێکە لە بچووکترین و چڕترین وڵاتەکانی جیهان.
بە وتەی مارتن زامیت، مامۆستای زمانی عەرەبی لە زانکۆی ماڵتا، کە قورئانی پیرۆزی وەرگێڕاوە بۆ سەر زمانی ماڵتای؛ “پەیوەندی نێوان زمانی ماڵتا و عەرەبی دەگاتە ئەو ئاستەی کە لەگەڵ ڕێسا و یاساکانی ڕێزمانی عەرەبیدا بگونجێت.”
زامیت، دەڵێت؛ “زۆرێک لەو وشە ئاینییە مەسیحییە ماڵتایانەی کە لە رێوڕەسمی کڵێساکاندا بەکاردەهێنرێن، وشەی ئیسلامی عەرەبین، لە کاتێکدا ئێمە ئەمە لە نێو مەسیحییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نادۆزینەوە”.
توێژینەوەکان پشتڕاستی دەکەنەوە کە “یەکگرتنی ئەو دوورگانەی ماڵتا پێکدەهێنن ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە لە ماوەی چەندین دەیە لە گواستنەوەی زمان لە نێوانیاندا و لە ئەنجامی کارلێکی نێوان وڵاتانی تازەپێگەیشتووی ئەوروپا و کلتوورە کۆنەکانی عەرەبی لە ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کۆمەڵگەی ماڵتا لە ماوەی سەدەکانی دەسەڵاتی دەرەکیدا لەلایەن زلهێزە جیاوازەکانی وەک فینیقیەکان، ڕۆمییەکان، یۆنانیەکان و عەرەبەکان بەرکەوتەی هەبووە و ئەوەش کاریگەری هەبووە لەسەر زمانی ئاخاوتنیان.
بەڕای نووسەر و کەسایەتی میدیایی مەغریبی عەبد ئەلڕەحیم ئەلتورانی، زۆرێک لە عەرەبەکان بێ ئاگان لەوەی خەڵکی ماڵتا بە زمانێکی نزیک لە زاراوەی ئاخاوتنی مەغریب قسە دەکەن، کە هەندێک لە توێژەران بە “زمانێک کە هەڵگری میراتی مەغریبی یە، ناوی دەبەن.
ئەلتورانی دەڵێت: زیاتر لە سەدا ٨٠ی ئەو وشە و دەستەواژانەی لە زمانی ماڵتادا هاتوون، چاوگیان لە فەرهەنگی ئاخاوتنی عەرەبی لە مەغریب و جەزائیر و تونس سەریهەڵداوە.
دەشڵێت: “بە گەڕانەوە بۆ مێژوو، بۆمان دەردەکەوێت کە موسڵمانان لە کۆتایی سەدەی نۆی زاینیدا چوونەتە ناو ماڵتا، و نزیکەی دوو سەدە لەوێ ماونەتەوە”.
ئەلتورانی ئاماژە بەوەش دەدات: “مێژوونووسان دەڵێن ماڵتاییەکان بە ڕەچەڵەک عەرەبن، لە پاشماوەی ئەو عەرەبانەی کە لە کۆتایی سەدەی نۆی زایینیەوە لەسەر ئەو دوورگەیە ژیاون.”
زمانی ماڵتای یەکێکە لە تاکە زمانە سامییەکانی یەکێتی ئەوروپا کە بە پیتی لاتینی نووسراوەو لە زمانی عەرەبی سیسیلیی کۆن وەرگیراوە کە لە سەردەمی دەسەڵاتی ئیسلامی دوورگەکانی ماڵتا و سیسیلیا بڵاوبووەتەوە کە زیاتر لە ٣٥٠ ساڵ بەردەوام بووە.
وشەسازی عەرەبیش نزیکەی لەسەدا ٧٠ی زمانی ماڵتا پێکدەهێنێت کە تێکەڵەیەکە لە زمانی عەرەبی و ئیتاڵی و فەرەنسی و ئیسپانی.
سەرچاوە؛ سکای نیوز