سەرچاوەیەک لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق هەواڵی دەستگیرکردنی شانەیەکی بڵاوکردەوە کە بانگەشەیان بۆ حزبی بەعسی قەدەغەکراوی کردووە.
سەرچاوەکەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاندووە؛ شانەیەکی نهێنی سەر بە حزبی بەعسی قەدەغەکراو لە سێ پارێزگادا، لە میانی ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنی هاوبەش دەستگیرکراون.
ئەو سەرچاوەیە بە ئاژانسی شەفەق نیوزی وتووە، لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی هێزێکی ئەمنی لە بەغدا داواکراوێکیان دەستگیرکردووە کە وەک پارێزەر کاردەکات، بەپێی مادەی هەشت، بە تۆمەتی بانگەشەکردن بۆ حزبی بەعس.
هاوکات لە بابل، هێزێکی ئەمنی هاوبەش سێ داواکراویان دەستگیرکردووە، کە چەندین بەڵگەنامەیان پێ گیراوە کە ئاماژە بوون بۆ هەوڵدان بۆ زیندووکردنەوەی ئەو حزبە قەدەغەکراوە.
لە دیوانیەش لە باشووری عێراق، هێزێکی ئەمنی مامۆستایەکی خانەنشینکراوی بە هەمان تۆمەت دەستگیرکردووە.