حەیدەر لامی، سەركردە لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا ڕایدەگەیەنێت، محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران، دارعەسای سیحری پێنییە تا موعجیزە دروست بكات، تۆمەتی ڕووبەڕووی ژمارەیەك كەسێتی حكومەتەكەی پێشووی كازمیش كردەوە.
لامی لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند:”سودانی دارعەسای سیحری پێنییە، تا موعجیزە دروستبكات، پێویستە ئاستی داواكارییەكانمان بەرزنەبێت و پشتیوانی لە حكومەتەكەی بكەین، تا بگەینە كەنارە ئارامەكان”.
بە وتەی سەركردەكەی دەوڵەتی یاسا:”كازمی و ئەوانی لەگەڵیدا بوون، بە گەندەڵی دەوڵەتییان ماندووكرد، لە هەموو كونج و قوژبنێكدا تێكدان و وێرانكاریی بەدی دەكەیت، لەئێستاشدا ئەركی سەرەكی سودانی كۆتایی هێنانە بە گەندەڵی حكومەتی پێشوو”.
حەیدەر لامی پێیوایە”بەبێ پشتیوانی هێزە سیاسییەكان و گەلی عیراق، ئەستەمە سودانی بە تەنیا بتوانێت سەركەوتوو بێت، هێندەی ئەوەی كاتییان پێویستە، هێندە دەیانەوێت دەستكەوتی ڕاستەقینە ببینن”.
پێشتر جاسم موسەوی، ئەندامی پەرلەمانی عیراق، بەرپرسیارێتی دۆسێی گەندەڵییە گەورەكانی خستبووە ئەستۆی حكومەتەكەی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی پێشوو و ڕاوێژكارەكانی، ڕۆڵی ئەوانی لە ئیدارەی دەوڵەتدا بە هاندەر لە گرێبەستەكانی گەندەڵیدا وەسفكردبوو.