بەهۆی درێژکردنەوەی بەرواری خواردن و بەکارهێنان، لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی لەگەڕەکی مەلا داود دەست بەسەربڕێکی زۆر چەرەس- نۆکی برژاوی ئێرانیدا دەگرن.
قائیمقامیەتی سلێمانی بڵاویكردەوە، لەسەر زانیاری بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی و بەهۆی فێڵکردن لە هاووڵاتیان، لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی دەست بەسەر زیاتر لە تۆنێک و (350) کیلۆگرام نۆکی برژاوی هاوردەکراوی ئێرانیدا دەگرن، کە ماوەی بەسەرچووە و بەگۆڕینی کارتۆنەکەی بەرواری بەکارهێنانی درێژکردۆتەوە.
ڕاشیگەیاندووە، بەپێی یاسا و رێنماییەکانی وەزارەتی بازرگانی، دەستکاریکردنی لێبڵ و زانیاری خواردەمەنی و کاڵا و شمەک فێڵی بازرگانییە و یاسا سزای سەرپێچیکارانی دەدات.
ئاشكراشی كردووە، لەکاتی سەردانی لیژنەکە بۆ کۆگاکە دەست بەسەر (297) کارتۆنی بەتاڵی بەکارهاتودا گیراوە، کە چەرەسەکەی ناوی کراوەتەوە ناو کارتۆنی نوێوە و لەبازاڕدا فرۆشراوە.
جەختیشی كردۆتەوە، بەفەرمانی دادوەری دادگای یەکی سلێمانی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ خاوەنەکەی دەرچووە و بەبڕیاری قائیمقامی سلێمانی چەرەسە دەست بەسەرگیراوەکە لەناودەبرێت و خاوەنەکەشی ڕوبەڕوی رێکاری یاسایی دەکرێتەوە.
لەکاتی هەبونی گومان یان بۆ گەیاندنی سکاڵا و زانیاری بەقائیمقامیەتی سلێمانی و لیژنە هاوبەشەکان، پەیوەندی بە ژمارە مۆبایلی (07708677777)ـەوە بکەن.