وتەبێژی وەزارەتی دارایی رایگەیاند، دوای ناردنی ٤٠٠ ملیار دینارەكەی بەغداو كۆكردنەوەی داهاتی ناوخۆ، بەرچاومان رووندەبێتەوە بۆ دابەشكردنی مووچە و رۆژی چوارشەممەش ئەنجوومەنی وەزیران کۆدەبێتەوە بڕیار لەسەر دابەشکردنی مووچە دەدات.
هونەر جەمال، وتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە رووداوی راگەیاند، ئێستا زیاتر لە ١٠٠ ملیار دینار داهات هەیە، بەشێکی دیكەش ماوە كۆبكرێتەوە، مووچەی لیوا هاوبەشەكانیش دراوە و چاوەڕێین لە بەغداوە ئەو ٤٠٠ ملیار دینارە بگات كە بڕیاری لێ دراوە”.
دەشڵێت:”بە گەیشتنی پارەكە، نزیكەی٥٥٪ی کێشەی مووچە چارەسەر دەبێت و داهاتی ناوخۆش كۆدەكرێتەوە، دواتر وەزارەتی دارایی باشتر بەرچاوی رووندەبێتەوە بۆ دابەشكردنی مووچە”..
راشیگەیاند، حكومەتی عێراق بڕیاریداوە ئەم هەفتەیە ٤٠٠ ملیار دینارەكە بنێرێت، رۆژی چوارشەممە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆدەبێتەوە و لەوێ بڕیار لەبارەی دابەشكردنی مووچەی مانگی نیسان دەدرێت.
هەرچەندە جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێم پێشتر رایگەیاندبوو، هەموو ٢٥ی مانگێک مووچە دابەشدەکەن بەڵام ئێستا ١٣ رۆژ بەسەر ئەو وادەیەدا تێپەڕیوە و حکومەتیش هیچ قسەیەکی لەسەر دابەشکردنی مووچە نەکردووە .