لەماوەی ساڵی ڕابردوودا لە تەواوی عێراق و هەرێمی كوردستان زیاتر لە ملیۆنێك منداڵ لەدایكبوون، بەجۆرێك لە عێراق 903 هەزار و لە هەرێم 161 هەزار منداڵ لەدایكبوون.
وەزارەتی تەندروستی عێراق ئامارەی ساڵی ڕابردوو (2022)ی لەدایكبووانی بڵاوكردەوە و ئاماژەی بەوەكردووە، لەو ساڵەدا 903 هەزار و 16 منداڵ لەدایك بوون، كە (463 هەزار و 327 كوڕ) و (442 هەزار و 794 كچ) بوون.
سەیف بەدر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق ڕایگەیاندووە، هاووڵاتییان بۆ پڕۆسەی منداڵبوون، بە ڕێژەی 76% نەخۆشخانە حكومییەكان و 13% نەخۆشخانە تایبەتەكان و ل1.3% بنكە تەندروستییەكانیان بەكارهێناوە.
ڕوونیشی كردەوە، لەو ژمارەیە، 512 هەزار و 746 منداڵ بەشێوەی سرووشتی و 390 هەزار و 270 منداڵ لە رێگەی ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەوە لەدایك بوون.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە ساڵی 2022دا (160 هەزار و 843) منداڵ لەناوخۆی هەرێمی كوردستان، لە نەخۆشخانە حكومی و ناحكومییەكان لەدایك بوون.
بەپێی ئامارەكە، لەو ژمارەیە (81 هەزار و 966) كوڕ و (78 هەزار و 877) كچ بوون.