به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی ڕاپه‌ڕین ئاشكرای دەكات، كه له بازاڕی شارەدێی ژاراوه كچێك هێرشی كرده سه‌ر كوڕێك و به چه‌قۆ برینداری كرد و دواتر به‌هۆی سه‌ختی برینه‌كه‌یه‌وه گیانی له‌ده‌ستدا و دەشڵێت: “كچەكە وتوویەتی، ئەو كوڕە لەناو دوكانەكەیاندا ویستوویەتی دەستدرێژی بكاتەسەر”.
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی ڕاپه‌ڕین له ڕاگه‌یه‌نراوێكدا ئاماژه‌ی بەوەكردووە، “هێزه‌كانمان له بنكه‌ی پۆلیسی ژاراوه‌ی سه‌ر به شارۆچكەی پشده‌ر ئاگادار كرانه‌وه به بوونی بریندارێك له بازاڕی شارەدێی ژاراوه، بۆیە ده‌ستبه‌جێ هێزه‌كانمان گه‌یشتنه شوێنی ڕووداوه‌كه و ده‌ركه‌وت كه‌سێك به‌ناوی (م.م.و.) له‌دایكبووی ساڵی 1988 ڕه‌گه‌زی نێر، كه دانیشتوی ژاراوه‌یه و له ڕووی ده‌روونیه‌وه ناته‌واوه، بریندار بووه و شوێنه‌واری برینی چه‌قۆ به‌سه‌ر سنگیه‌وه هه‌یه و باری ته‌ندروستی ناجێگیره”.
ڕاشیگەیاندووە، “ده‌ستبه‌جێ ئه‌و كه‌سه گه‌یه‌ندرایه نه‌خۆشخانه‌ی قه‌ڵادزێ، به‌ڵام به‌هۆی سه‌ختی برینه‌كه‌ی گیانی له‌ده‌ست دا”.
پۆلیسی ڕاپەڕین ڕوونیشیكرده‌وه، “دوای گرتنه به‌ری ڕێكاری یاسایی و ده‌ستپێكردنی لێكۆڵینه‌وه ده‌ركه‌وت، كه كچێك به‌ناوی (د،ع،خ) له‌دایك بووی ساڵی 2006 دانیشتوی ژاراوه به‌چه‌قۆ برینداری كردووه و دوای ئه‌وه‌ی كچه‌كه ده‌ستگیركرا و لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ كرا و له‌به‌رده‌می پۆلیس به وته‌ی خۆی ده‌ڵێت: كاتێك له دوكانه‌كه‌یان، كه دوكانی شوشه‌وات بووه و له‌جیاتی باوكی له دوكان بووه (م.م.و.) هاتۆته دوكانه‌كه‌یان و ویستویه‌تی ده‌ستدرێژی بكاته سه‌ری، به‌ڵام مه‌به‌ستی به‌رگری كردن له‌خۆی به‌چه‌قۆ لێی داوه و به‌وهۆیه‌وه برینداری كردووه”.
ئاماژەی بەوەشكردووە، “دواتر ته‌رمی (م.م.و.) به‌ڕێكرا بۆ پزیشكی دادوه‌ری سلێمانی به‌مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی توێكاری بۆ ته‌رمه‌كه‌ی و زانینی هۆكاری ڕاسته‌قینه‌ی مردنه‌كه‌ی و لێكۆڵینه‌وه له ڕووداوه‌كه به‌رده‌وامه”.