سەرباری هەوڵەکان بانکی ناوەندی، بەڵام بەهای دینار بەردەوامە لە دابەزین، ئەمڕۆ بەهای دۆلار زیاتر بەرزبووەتەوە.
ئێستا ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر ١٤٣ هەزار و ٨٥٠ دیناری عێراقییە، لە کاتێکدا ئەمڕۆ بانکی ناوەندی زیاتر لە ١٨٧ ملیۆن دۆلاری خستووەتە بازاڕەوە.
ئەمڕۆ بانکی ناوەندی عێراقی ١٨٧ملیۆن و ٢٤٦ هەزار و ٣٨٠ دۆلاری خستووەتە بازاڕەوە، کە ١٢٨ ملیۆن و ١٤٦ هەزار و ٣٨٠ دۆلاری بەشێوەی حەواڵەیە، ٥٩ ملیۆن و ١٠٠ هەزار دۆلاری بەشێوەی نەختینەیە.
بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندی لە دیداری عێراقدا ڕایگەیاند، هەوڵەکانیان لەگەڵ بانکی فیدڕاڵی و گەنجینەی ئەمریکا بۆ سەقامگیرکردنی بەهای دینار و حەواڵەی دەرەکی سەرکەوتووبووە.
هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، بەهای دراو لای بانکی ناوەندی گرنگی گەورەی هەیە، سەرجەم لقەکانی بانکە ناوەندی لە سەرتاسەری عێراقدا کارلەسەر سەقامگیری گشتی بەهای دراو دەکەن.