محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران ئەمڕۆ سێ شەممە لە تاران كۆبوونەوە بۆ گفتوگۆ كردن لەسەر ڕێگاکانی بەرزکردنەوەی هاوکاری هاوبەش پاراستنی ئاسایشی سنوورەكان.
بەپێی ڕاگەیەنراوێكی نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق، سودانی لە چوارچێوەی سەردانی فەرمی بۆ تاران لەگەڵ ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران كۆبووەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، “لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی دراوسێ كرا، هەروەها ڕێگاکانی بەرزکردنەوەی هاریکاری هاوبەش لە بوار و ئاستە جیاجیاکاندا، هەروەها کۆمەڵێک فایلی بەرژەوەندی هاوبەش خراونەتەڕوو”.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە سودانی لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ ڕەئیسی ڕایگەیاند، ئێران هەمیشە هاوكاری عێراق بووە، پشت دەبەستین بەسیاسەتێكی كراوە لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی وڵاتانی دیكە و پاراستنی بەرژەوەندییەكانمان و ناهێڵین عێراق ببێتەهۆی زیانگەیاندن بە وڵاتانی دراوسێی.
سەردانەكەی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ تاران لەكاتێكدایە، كە ئێران هەڕەشەی ئەنجامدانی هێرشی زەمینی بۆ سەر بنكە و بارەگای پارتە كوردیە ئۆپۆزسیۆنەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لەناو خاكی هەرێمی كوردستان دەكات، لەكاتێكدا لەماوەی ڕابردووشدا چەندین جار لەڕێگەی مووشەك و درۆنەوە بنكە و بارەگاكانی ئەو حزبانەی بۆردوومان كردووە و چەندین كورژراو و برینداری لێ كەوتۆتەوە.