ئەمڕۆ ڕۆژی كرێكارانی جیهانە



لە جەژنی كرێكاراندا زۆرینە لە پشوودان و كرێكاران لەكاردان

ئەمڕۆ 1ی ئایاری 2023 ساڵوەگەڕی ڕۆژی جیهانی كرێكارانە، لە هەرێمی كوردستان لەم ڕۆژەدا چەندین چالاكی جۆراوجۆر ساز دەكرێن، لە دامودەزگە فەڕمییە حكومەتییەكانیشدا دەكرێتە پشووی فەڕمی، بەڵام كرێكاران خەریكی كاری خۆیانن.

لەیەكی ئایاری ساڵی ١٨٨٦ دا لەشیكاگۆ دواتریش لە تۆرێنتۆ كرێكاران خۆپیشاندانێكیان لەژێر درووشمی (ھەشت كاتژمێر كاركردن) ( ھەشت كاتژمێر بۆ نووستن) (ھەشت كاتژمێر بۆ پشوو و ڕابواردن) سازكرد.

ئەم داواكارییەی كرێكاران، دەسەڵاتداران و خاوەنكارانی نیگەرانكرد، بۆیە هێزە ئاسایشییەكان دەسڕێژیان لە خۆپیشاندەرانكرد، بەهۆیەوە ژمارەیەك كوژران و ژمارەیەكی دیكە دەستگیركران و چوار سەركردەی خۆپیشاندەران سزای سێدارەیان بۆ بڕایەوە.

گرۆفێر كلیفلاند سەرۆكی ئەو كاتی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەگەڵ پارتی كرێكاراندا ڕێككەوت ڕۆژی كرێكاران دیاریبكرێـت.

لە ساڵی 1904دا لە كۆنفڕانسی نێودەوڵەتی سۆسیالیستی ئەمستێردام لە هۆڵەندا، كۆمەڵە و سەندیكا كرێكاریی و سۆسیالیستییەكان خوازیاری وەرگرتنی پشوو و كارنەكردن بوون لەو ڕۆژەدا.

لەساڵی ١٩٥٨ دا كۆنگرێسی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بڕیاریدا ڕۆژی یەكی ئایاری هەموو ساڵێك بكرێتە پشووی فەڕمی و جەژنی كرێكاران.

لە هەرێمی كوردستان مافی كرێكاران لەئەوپەڕی خراپیدایە، بەجۆرێك لە ڕۆژەكەی خۆشیاندا كە دەكرێتە پشووی فەڕمی، ئەوان لەكاردان لەبەر ئەوەی خاوەنكارەكان مۆڵەتیان پێنادەن، بەڵام فەرمانبەرانی كەرتی گشتی پشوو وەردەگرن.

كرێكاران لە هەرێمی كوردستان مافەكانی كاركردنیان لەلایەن خاوەنكارەكانەوە بۆ دابینناكرێت و مووچە و حەقدەستیان نادرێتێ و گرەنتی و ئایندە لە كارەكانیاندا نییە.

كرێكاران لە هەرێمی كوردستان لە ڕەوشێكی خراپی گوزەرانیاندا دەژین و درێژایی تەمەنیان بە كولەمەرگی دەبەنەسەر، ناتوانن وەك كەسانی دیكە ببن بە خاوەنی ژیانێكی شایستە بۆ خۆیان و كەسوكاریان.

لە هەرێمی كوردستان كرێكاران كاریان دەستناكەوێت، قۆرخكاری و خزمخزمێنە و حیزبایەتی و زۆر لایەنی دیكە ڕەچاو دەكرێن و كرێكاران بەشێوەیەكی یەكسان ناچنە سەركار.

كرێكاران لە مەیدانەكانی كاردا دەبێت لە بەیانی زووەوە تا ئێوارە چاوەڕێی فەرمووی خاوەنكارێك بكەن و كرێی گواستنەوە و خواردنیش بدەن، بەڵام ئێوارە بە نائومێدی و دەست و گیرفانی بەتاڵ دەگەڕێنەوە نێو ماڵ و منداڵیان و كاریان دەستناكەوێـت.

هێنانی كرێكاری بیانی لە ڕێی كۆمپانیاكان و هاتنی كرێكاری دیكەی وڵاتانی دەوروبەر لەسەر خواستی خۆیان، بازاڕی كاری كرێكارانی نێوخۆی كزكردووە، یان نرخی كاركردنی زۆر دابەزاندووە، چونكە كرێكارانی بیانی لە كوردستان بە پارەیەكی كەم كاردەكەن بەهۆی بەرزی بەهای دراوی عێراقی و دۆلاری ئەمریكایی و نزمی بەهای دراوی وڵاتەكانی خۆیان، بەمهۆشەوە خاوەنكارەكان تا كرێكارانی بیانی هەبن، كار نادەن بەكرێكارانی ناوخۆ، كرێكارانی ناوخۆش ناتوانن بە كرێی كەم كاربكەن، چونكە بەشی خەرجییەكانیان ناكات.

هاوكات كۆمپانیا بیانییەكان كە دێنە هەرێمی كوردستان و مۆڵەتیان پێدەدرێت، كرێكاری خۆیان دەهێنن لە وڵاتەكانیانەوە، كار بە كرێكاری نێوخۆ ناكەن، ئەمەش كەموكورتی دامودەزگە حكومییە پێوەندیدارەكانە، كە لە پێدانی مۆڵەتی كۆمپانیاكاندا ڕەچاوی ئەم خاڵە ناكەن.

نەبوونی مەرجەكانی سەلامەتی كار و گرەنتیكردنی كرێكاران لە كاتی ڕووداودا خاڵێكی دیكەیە، چونكە كە كرێكاران تووشی ڕووداوێك دەبن، خاوەنكار یان دەزگایەكی حكومەتی نییە كە تێچووی ژیانی خۆی و خێزانی و تێچووی چارەسەری بگرێتەئەستۆ، تا چاك دەبێتەوە.

لە هەرێمی كوردستان ژمارەیەك یاسا لەبەرژەوەندی كرێكاران دەركراون، بەڵام ئەو یاسایانە كاریان پێناكرێت و پشتگوێخراون، بۆیە بە پێویستدەزاندرێت ئەو یاسایانە بخرێنەبواری جێبەجێكردنەوە و كۆمەڵێك یاسای دیكەش بۆ گرەنتیكردنی ژیانی كرێكاران و بەرزكردنەوەی ئاستی گوزەرانیان دەربكرێن.
لەپێشیانەوە خانەنشینی كرێكاران و كارمەندانی كەرتی تایبەتە، هەرچەندە مانگانە بڕێك پارە لە مووچەكانیان دەبڕدرێت، بەڵام نە خانەنشین دەكرێن و نە پارەكەشیان بۆ دەگەڕێندرێتەوە.

 

یەکخستنەوەی نرخی بەنزین دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە
پێت یەکخستنەوەی نرخی بەنزین دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە
دۆسیەیەك لە دژی مستەفا كازمی جوڵێنرا
دوات دۆسیەیەك لە دژی مستەفا كازمی جوڵێنرا
پەیوەنیدر