سوپای چین ڕایدەگەیەنێت، هێزەكانیان لە حاڵەتی ئامادەباشی بەرزدان، دوای ئەوەی چاودێری فڕۆكەیەكی سەربازیی ئەمریكایان كرد كە لە گەرووی تایوانەوە دەپەڕێتەوە.
كەناڵی “CGTN”، لە زاری شی یی تەبێژی سەربازی چین بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ هەینی چاودێری جووڵەی فڕۆكەیەكی سەربازی “P-8A” (Poseidon)ی هێزی دەریایی ئەمریكا لەكاتی تێپەڕینی بەسەر گەرووی تایواندا كراوە.
بە وتەی شی یی، هێزەكانی چین ڕەوشی ئامادەباشییان بەرزكردووەتەوە و لە هەموو كاتێكدا لە بەئاگاییەكی بەرزدان بۆ پاراستنی سەروەری تەواوی خاكی نیشتمان، ئەمەش لەكاتێكدایە كە كەشتی و فڕۆكەكانی ئەمەریكا لەم ماوەیەی دواییدا چالاكی وروژێنەریان لە ناوچەكەدا بەدیكراوە كە دەیسەلمێنێت ئەمریكا كار بۆ تێكدانی ئارامی و سەقامگیری دەكات لە گەرووی تایوان.
لەم دواییانەدا گرژییەكان لەنێوان چین و ئەمریكادا پەرەیان سەند، بەهۆی پێشوازیكردنی كیڤن مەكارتی سەرۆكی كۆمارییەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا لە تسای ئینگوین سەرۆكی تایوان كە بووە مایەی توڕەكردنی پەكین.
كۆبوزونەوەی نێوان سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا و سەرۆكی تایوان لەسەر خاكی ئەمریكا، بە یەكەم كۆبوونەوەی ڕاگەیەندراوی لەو جۆرە دادەنرێت،لە پاش پچڕاندنی پەیوەندییە دیپلۆماسییە فەرمییەكانی ئەمریكا لەگەڵ تایوان.
چین هۆشداریی گرتنەبەری ڕێوشوێنی یەكلاكەرەوە و كاریگەری كرد بۆ پاراستنی سەروەری نیشتمانی و یەكپارچەیی خاكی وڵاتەكەی.
تایوان (چین) لە ساڵی 1949ەوە لە چین جیابۆتەوە، بەڵام پەكین وەك پارێزگایەكی وڵاتەكەی تەماشای دوورگەكە دەكات، لەكاتێكدا تایوان جەخت لەسەر خۆبەڕێوەبەرن دەكات وەك دەوڵەت، بەڵام لە ڕاگەیاندنی سەربەخۆبوونی ڕاگرتووە.
پەكین دژایەتی هەر جۆرە پەیوەندییەكی فەرمی وڵاتانی بیانی دەكات لەگەڵ تایپێ و جەخت لەسەر سەروەری وڵاتەكەی دەكاتەوە بەسەر دوورگەیەدا، ئەوەش بە باتێكی نازانێت كە جێگەی مشتومڕ بیت.