وەزارەتی بازرگانی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، كە ئامادەكارییەكانی حكومەت بۆ وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵ دەستی پێ كردووە، كە لە سەرەتای مانگی شەشی ئەمساڵ دەست بە وەرگرتنی گەنم دەكەن، پێشبینی دەكرێت بەرهەمی ئەمساڵی گەنم زۆر باش بێت.
نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی بازرگانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ میدیای پارتی ڕایگەیاندووە، كە هەنگاوەكانی وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵی جووتیاران دەستی پێكردووە و لیژنەی باڵاش كۆبوونەوەی خۆی ئەنجامداوە و ئەمساڵ لە 1/6 گەنمی جووتیاران وەردەگرن.
ڕاشیگەیاندووە، لە ئێستادا لە خواروو و ناوەڕاستی عێراق دەستیان بەوەرگرتنی گەنم كردووە و پارەی خۆشیان وەرگرتووە، ئەمساڵ پێشبینی دەكرێت بەرهەمی گەنم زۆر باش بێت و بەراورد بە ساڵی ڕابردوو زۆر زیاتر دەبێت، بۆیە ئەمساڵ بەرهەمی گەنم زۆر باش دەبێت و ئەمەش جێگەی دڵخۆشییە.
ئاشكراشیكردووە، بە هەمان نرخی ساڵی ڕابردوو گەنم لە جووتیاران وەربگیرێت كە بۆ هەر تۆنێك 850 هەزار دینار دەبێت و وەك پێشتریش نییە نمرە یەك و دووی هەبێت، هەرچەند هەبێت وەردەگیرێت، ئەمەش وەك پاڵپشتییەك لە جوتیارانی هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی بەرهەمەكەیان ساخ بێتەوە.