جوڵەی گەشتیاری ئابووری باڵەكایەتی دەبوژێنێتەوە



بەفر و شاخە پڕ لە بەفرەكانی باڵەكایەتی دڵی گەشتیاران سەرمەست دەكەن

باڵەكایەتی ساڵانە میوانداری گەشتیارێكی زۆری ناوخۆیی و عێراقی دەكات و گەشتیاران بە چەندین ئامانج سەردانی ناوچەكە دەكەن.

ناوچەی باڵەكایەتی كە لە شارۆچكەی چۆمان و چەند شارەدێیەك پێكهاتووە، بە سرووشتە سەوز و شاخاوییەكەی، بە كەشوهەوا فێنكەكەی ، بەبوونی ڕووبار و كانیاو و چۆمە پڕ سەهۆڵاوەكان، بەبوونی شاخە بەفراوییەكانی كە لە وەرزی هاوینیشدا بەفر لوتكە چیاكانی داپۆشیوە، بە میواندۆستی و گەرموگوڕی خەڵكەكەی بەناوبانگە.

گەشتیاران بۆ شاخەوانی و شاخڕەوی، بۆ بینینی دیمەنە سەرنجڕاكێشەكان و وێنەگرتن و سەیرانی ڕۆژانە، بۆ مانەوەی شەوانە لەڤێلا و پرۆژە گەشتیارییەكان بۆ ماوەی چەند ڕۆژێك سەردانی باڵەكایەتی دەكەن.

گۆمی فێڵاو، لوتكەی شاخی هەڵگورد، بناری هەڵگورد، گوندی خووشكان، حەساری سەكران، گۆمی بێكۆدیان، پڕژێ، وەرتێ، پرۆژە گەشتیارییەكانی نێو شارۆچكەی چۆمان و حاجی ئۆمەران لە دیارترین شوێنە گەشتیارییەكانی سنووری باڵەكایەتین.

باڵەكایەتی هاوسنووری پیرانشاری ڕۆژهەڵاتی كوردستانە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران سەر بە پارێزگەی هەولێر و هاوسنووری ناوچەی برادۆست و سۆران و رەواندوز و بناری قەندیل و ڕانیە و دەڤەری ڕاپەڕینە.

بە وتەی بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری چۆمان، ئێستا لەهەر چوار وەرزی ساڵ گەشتیار ڕوو لە شوێنە سەرنجڕاكێشەكانی ناوچەی باڵەكایەتی دەكەن.

لەو بارەیەوە هەڵگورد محەمەد، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری چۆمان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، هەرچەندە ساڵانی ڕابردوو لە مانگی 5 هەتاكو مانگی 9 وەرزی گەشتیاریی ناوچەی باڵەكایەتی دەستیپێدەكرد، بەڵام ئێستا لە هەر چوار وەرزی ساڵدا گەشتیار ڕوو لە ناوچەكە دەكەن.

سەبارەت بە سوودە ئابوورییەكانی گەشتیاران بۆ ناوچەكە، هەڵگورد محەمەد دەڵێت، بەپێی شوێنەكان ژمارەی گەشتیار گۆڕانكاری بەسەر دێت، لەبەر پەرش و بڵاوی شوێنە گەشتیارییەكان داهاتی گەشتیاریی نادیارە، بە گشتی هاتنی گەشتیار سوودی بۆ ئابووری ناوچەكە هەیە، خەڵكی سوود وەردەگرن، بە تایبەت گۆمی فێڵاو جوڵەیەكی باشی لە بازاڕی گەشتیاریدا دروستكردووە، وەرزی گەشتیاری وەرزی جوڵەی بازاڕی چۆمانە، ئەگەر وەرزی گەشتیاری نەبێت بازاڕ سستە.

دەشڵێت، لە ناوچەی باڵەكایەتی بەهۆی هەبوونی ژمارەیەكی زۆری شوێنی گەشتیاری، گەشتیار كەمتر ڕوو لە پڕۆژە گەشتیارییەكان دەكەن، هەرچەندە ئێستا كەشوهەواكەی زۆر ساردە و پێویستی بە جلوبەرگی تایبەت هەیە.

لەبارەی ئاماری گەشتیارانەوە، هەڵگورد محەمەد دەڵێت، ئامارەكان پەرش و بڵاون و شوێنەكان زۆرن، بۆیە ناتوانین بەدیاریكراوی باس لە ڕێژەی گەشتیاران بكەین، تیمەكانمان چاودێری شوێنە گەشتیارییەكان دەكەن، لە ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزان ژمارەیەكی زۆری گەشتیار ڕوویان لە ناوچەكە كردووە.

لە ناحیەی حاجی ئۆمەران شوێنێك هەیە بە ناوی چیكان كە گوڵی شلێری لێیە و زۆر سەنج ڕاكێشە، بەڵام كۆمەڵە كەسێك گوڵەكانیان شێواندووە و سروشتەكەیان تێكداوە، سەبارەت بەو بابەتە بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری چۆمان دەڵێت، چاودێری شوێنەكە دەكرێت و لێكۆڵینەوە بۆ دۆزینەوەی ئەو كەسانە دەستیپێكردووە بۆ رێگریكردن لەو كارە ڕێگای ئۆتۆمبێل داخراوە، چونكە گەشتیار بە ئۆتۆمبێل دەچوون زیانیان بە گوڵ و گژوگیاكە دەگەیاند.

No photo description available.

دەشڵێت، داوا لە گەشتیاران دەكەین پارێزگاری لە سروشت بكەن و پاشماوەكانی خۆیان لە جێگایەك دابنێن كە دەستی كارمەندانی ژینگەپارێزی پێبگات.

ناوچە گەشتیارییەكانی چۆمان ئێستا فراوان بوون پێشتر هاووڵاتییانی ناوچەكە زیاتر لە بواری كشتوكاڵدا كاریان دەكرد، بەڵام ئێستا بەشێكی هاووڵاتییانی ناوچەكە سەرقاڵی دروستكردنی خانو و شوێنی كلتورین و ئەوەش خواستی هاووڵاتییانی لەسەرە و وایكردووە ژمارەیەكی زۆی گەشتیار ڕوو لە ناوچەكە بكەن.

May be an image of 14 people

May be an image of 10 people, horse and grass

 

تۆ چەند لە داهاتەكەت دەدەیت بە خواردنی ڕێستۆرانت؟
پێت تۆ چەند لە داهاتەكەت دەدەیت بە خواردنی ڕێستۆرانت؟
دابەزینی نرخی دۆلار كاتییە
دوات دابەزینی نرخی دۆلار كاتییە
پەیوەنیدر