لە نوێترین هێرشی سەر قوتابخانەكان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران، هێرش كراوەتە سەر ٧ قوتابخانەی دیكە لە شارەكانی چابەهار، سەقز، سنە، بۆكان، مەشهەد و گورگان و كۆمەڵێك قوتابی ژەهراوی بوون.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ هێرشی كیمیایی كراوەتە سەر قوتابخانەكانی سەرەتاییی كچانەی “تەقیزادە” و دواناوەندیی كچانەی “ڕێحانە” لە ناوچەی كەمب سەر بە شاری چابەهار لە پارێزگای سیاستان و بەلووچستان.
بەهۆی ئەم هێرشەوە كۆمەڵێكی زۆر لە قوتابییانی ئەو دوو قوتابخانەیە ژەهراوی بوون و بە ئەمبوڵانس بۆ نەخۆشخانەی ئیمام عەلی لە چابەهار گواستراونەتەوە.
لە درێژەی ئەم هێرشانەدا، قوتابخانەی “ئەسمائـ” لە شارۆچكەی فەرهەنگیانی شاری بۆكان كراوەتە ئامانج و كۆمەڵێك قوتابی ژەهراوی بوون. لە كاتی ئەم هێرشەدا بەڕێوەبەریی ئەو قوتابخانەیە دەرگای قوتابخانەكەی بەسەر قوتابییاندا داخستووە و نەیهێشتووە قوتابییان بچنە دەرەوە.
هاوكات هێرش كراوەتە سەر قوتابخانەی سەرەتاییی “ئیستقلالی ٢” لە شاری سەقز و كۆمەڵێك قوتابی بەهۆی ژەهراویبوونەوە بۆ نەخۆشخانەكان گواستراونەتەوە.
هەروەها هێرش كراوەتە سەر قوتابخانەی كچانەی “مونفەسەل”ی شارۆچكەی سەڵواتاوای سەر بە شاری سنە و كۆمەڵێك قوتابی ژەهراوی بوون.