ڕاوێژكارێكی سەرۆكوەزیرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، دەستكاریكردنی خشتەی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق، فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە و یاسایەكی تایبەتی بۆ دەردەكرێت.
د. مەزهەر محەممەد ساڵح، ڕاوێژكاری دارایی و ئابووریی سەرۆكوەزیرانی عێراق بە كەناڵی ڕووداوی ڕاگەیاندووە، “دەستكاریكردنی خشتەی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق فیدراڵییە و بە دڵنیاییەوە فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە.”
ئەو ڕاوێژكارەی دارایی و ئابووریی سەرۆكوەزیرانی عێراق ئاماژەی بە ئەوەش كردووە، “بابەتی دەستكاریكردنی خشتەی مووچەی فەرمانبەران، كارێكی گەورەیە و ئاسان نییە. لە خشتەی ئێستای مووچەی فەرمانبەراندا، جیاوازییەكی زۆر لەنێوان مووچەی فەرمانبەراندا هەیە، هەندێكیان مووچەیان كەم و هەندێكیان زۆرە.”
د. مەزهەر محەممەد ساڵح ئاماژەی بەوەش كرد، مووچەی فەرمانبەرانی بچووك و خانەنشینان لەگەڵ ئاستی گوزەرانی ئێستا ناگونجێت، نرخی كاڵا و شتوومەك بەرز بووەتەوە، لەسەر ئەو بنەمایە بڕیارە پرۆژەیەك پێشكەشی پەرلەمان بكرێت.
ئەو ڕاوێژكارەی سوودانی پێیوایە، دەركردنی یاسایەكی لەم شێوەیە پێویستی بە سازانێكی سیاسی زۆرە، دەبێت دەستكاریی زۆری یاساكان بكرێت، بەتایبەتی ئەوانەی زیاتر لە مووچەیەك و پلەی بەرزی وەزیفییان هەیە. ئەوەی ئێستا پێویستە دەستكاریكردنی مووچەی ئەوانەیە كە مووچەكانیان كەمە و نزیكە لە مووچەی چاودێریی كۆمەڵایەتی، دەبێت مووچەكانیان لەگەڵ ئەو ژیان و بژێويیە سەختەدا بگونجێت.
ڕاوێژكارەكەی سەرۆكوەزیران جەخت لەوە دەكاتەوە، ئەو پڕۆژەیە تێچووی دارایی زۆرە، پێویستە پارەی بۆ دابین بكرێت و لە پڕۆژەیاسای بودجەدا جێگەی بۆ بكرێتەوە، “دەبێت یاسایەكی تایبەتی بۆ دەربكرێت. دوو ئاڕاستەش هەیە، یەكێكیان پێیوایە تەنیا دەستكاریی مووچەی پلە نزمەكان بكرێت، بەڵام ئاڕاستەیەكی دیكەی رادیكاڵ هەیە داوای گۆڕانكاریی گەورە و ریشەیی دەكات، ئەمەش پێویستی بە سازانی گەورەی سیاسییە.”
عەتوان عەتوانی، سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕۆژی 21-04-2023 رایگەیاند، حكومەت گفتوگۆ لەسەر خشتەی مووچەی فەرمانبەران دەكات، دەستكاریی مووچەی ئەوانە دەكرێت كە مووچەكانیان كەمە و كەمترین مووچەی بنەڕەتی دەبێتە 425 هەزار دینار.
ئێستا كەمترین مووچەی فەرمانبەرانی عێراق 170 هەزار دینارە. سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق گوتی، لیژنەی دارایی چاوەڕێی حكومەت دەكات پڕۆژەكە ڕەوانەی پەرلەمان بكات بۆئەوەی پەسەندی بكات، زۆربەی فەرمانبەرانیش چاوەڕێی ئەو خشتە نوێیە دەكەن، بۆئەوەی مووچەی فەرمانبەران یەكبخرێت.
هەروەها حەمید غزی، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پێشتر بە میدیای فەرمیی وڵاتەكەی گوتبوو، لیژنەیەك پێكهێندراوە لە وەزارەتەكانی پلاندانان و دارایی، بە مەبەستی ئامادەكردنی خشتەی نوێی مووچە، پێشنیازەكانی خشتەی مووچە ڕەوانەی لیژنەكە دەكرێت.