ساڵی رابردوو دوو بەنداو لە ئیدارەی گەرمیان و قەزای دەربەندیخان تەواوكران و ئەمساڵ ئاویان تێدا كۆكرایەوە كە بە هەردووكیان دەتوانن ٢٢ ملیۆن مەتر سێجا ئاو گلبدەنەوە.
بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاوی عێراق، سێ بەنداوی ستراتیجی لە هەرێمی كوردستان دروست دەكرێن و وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت: “توانای گلدانەوەی ملیارێك مەتر سێجا ئاویان دەبێت”.
لەو راگەیەندراوەدا كە لەلایەن لە فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە بڵاوكراوەتەوە، ئەوە خراوەتەڕوو، لە چوارچێوەی پلانی ستراتیجیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی دیاردەی وشكەساڵی و گرنگیدان بە گلدانەوەی ئاو، هەروەها پارێزگاریكردن لە ئاسایشی ئاو و باشتركردنی دۆخی ئاوی هەرێمی كوردستان، بڕیار دراوە سێ بەنداو لە هەولێر، دهۆك و ئیدارەی ڕاپەڕین بە ناوەكانی دەڵگە، مەنداوە و باكرمان دروست بكرێن.
وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان، بێگەرد تاڵەبانی لەبارەی دروستكردنی ئەو بەنداوانەوە ڕایگەیاندووە: “بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بەنداوەكانی هەرێمی كوردستان، نەخشەسازیی بەنداوەكانی ئامادەكردووە، بە دروستكردنیشی دەبێتە بنەمایەكی بەهێز بۆ سەقامگیریی ئاسایشی ئاو و زیادكردنی ئاو لەناو خاكی هەرێمی كوردستان”.
ئەمەش لە كاتێكدایە كە ساڵی رابردوو دوو بەنداو لە ئیدارەی گەرمیان و قەزای دەەبەندیخان تەواوكران و ئەمساڵ ئاویان تێدا كۆكرایەوە كە بە هەردووكیان دەتوانن ٢٢ ملیۆن مەتر سێجا ئاو گلبدەنەوە.
ئەو سێ بەنداوەی دروست دەكرێن، دەتوانن ملیارێك مەتر سێجا ئاو گلبدەنەوە، لە داهاتووشدا دەبنە وێستگەیەكی گرنگ و بەسوود بۆ دابینكردنی پێویستییەكانی ئاو و كارەبا و پەرەپێدانی سێكتەری كشتوكاڵ و ئاودێری لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان.