كێبڕكێی هەڵبژاردنی توركیا ڕۆژی پێنج شەممە لەگەڵ دەستپێكردنی دەنگدان بۆ ئەو توركانەی لە دەرەوەی وڵات دەژین، دەستپێدەكات و پرۆسەكەش لە 27ی نیسان تا 9ی ئایار بەردەوام دەبێت، بەپێی ئەو خشتەیەی لەلایەن ئەنجومەنی باڵای هەڵبژاردنەكانەوە ڕاگەیەندراوە، تا هاووڵاتیانی وڵاتەكە دەنگەكانیان بۆ پەرلەمان و سەرۆكایەتی كۆمار بخەنە سندوقەكانی دەنگدانەوە.
بەگوێرەی یاساكە، هەر هاووڵاتییەكی توركی دەرەوەی وڵاتەكە كە تەمەنی لە سەرو 18 ساڵەوەیە و لە تۆماری هەڵبژاردنەكاندا ناوی هاتووە و لە نوسینگەكانی “تۆماردا” یان نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەكانی توركیا ناوی پارێزراوە، مافی هەیە دەنگ بدات.
كاندیدەكانی سەرۆكایەتی توركيا
لە هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتیدا چوار كاندید ڕكابەری دەكەن، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری ئێستا، كەمال كڵیچدارئۆغڵو، سەرۆكی ئۆپۆزسیۆن، موحەڕەم ئینجە، كاندیدی پارتی وڵات، “عەتا سینان ئۆجان كاندیدی هاوپەیمانی باوباپیران، هاوپەیمانەكانی گەل و نەتەوە و كار و ئازادیش، لە پێشەنگی لیستەكانی پەرلەمانن.
لە گۆڕەپانی سیاسیدا دوو هاوپەیمانی سەرەكی زاڵن، یەكەمیان “هاوپەیمانی گەل”ی دەسەڵاتدارە بە سەرۆكایەتی ئەردۆغان كە جگە لە پارتی داد و گەشەپێدان، حزبەكانی تری وەك: بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی “هودا”ی كوردی پارتی بار، و پارتی “ڕەفاهی نوێ بە سەرۆكایەتی فاتیح ئەرباكان كوڕی ڕێبەری مێژوویی نەجمەدین ئەرباكان و یەكێتی گەورە، لەخۆدەگرێت.
سەبارەت بە هاوپەیمانی دووەمیش، “هاوپەیمانی نەتەوە” ناسراوە بە “مێزی شەش حزبی” بە سەرۆكایەتی كڵیچدارئۆغڵو، جگە لە پارتی گەلی كۆماری، پارتەكانی: چاك، سەعادەت، داهاتوو، دیموكراسی و پێشكەوتن لەخۆدەگرێت. لەگەڵ پارتی دیموكرات.
وەزارەتی دەرەوەی توركیا ئامادەكارییەكانی تەواو كردووە بۆ ئەوەی دەنگدەرانی دەرەوەی وڵات بتوانن لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی داهاتوودا دەنگ بدەن.
یاسین ئەكرەم سێریم یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی توركیا لە میانی كۆنفرانسێكدا لە باڵیۆزخانەی وڵاتەكەی لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا ڕایگەیاند:”هەوڵەكان خراونەتەگەڕ و بەردەوامیش دەبین لەوەی كە پێویستە بۆ دەنگدەرانی دەرەوەی وڵات بكرێت، تا بە شێوەیەكی دیموكراسی مافەكانیان پیادەبدەن”.
بەو پێیەی ئەڵمانیا گەورەترین ڕەوەندی توركی هەیە، سێرم و شاندێكی دەستەی باڵای هەڵبژاردنەكان سەردانی شوێنەكانی دەنگدانیان كرد لە ناوچەی هانۆڤەر.
هاوكات لە دەروازەی سنووری تراكیاش وەك ئامادەكارییەك بۆ هەڵبژاردنەكان كارەكان دەستیپێكردووە و دەستەی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كەركلارێلی كارەكانی لە دەروازەی سنووری دێركۆیە كە هاوسنوورە لەگەڵ بولگاریا تەواو كردووە.
نزیكەی شەش ملیۆن و 500 هەزار هاوڵاتی توركیا لە دەرەوەی وڵات دەژین كە زیاتر لە 5 ملیۆن و 500 هەزار هاوڵاتیان لە وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژئاوا دەژین، لەو ژمارەیەش سێ ملیۆن و 28 هەزار كەس مافی دەنگدانیان هەیە لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی داهاتوودا.
ئەڵمانیا لە پێشەنگی لیستی وڵاتاندایە لە ژمارەی دەنگدەرانی تۆماركراوی تورك بە زیاتر لە ملیۆنێك و 400 هەزار دەنگدەری تۆماركراو، فەرەنسا، هۆڵەندا و بەلجیكاش لە پلەی دووەمدان.
سینەم جەنگیز، شرۆڤەكاری سیاسی دانیشتووی دەرەوەی وڵاتەكە دەڵێت: “پێش ساڵی 2014، ئەو توركانەی لە دەرەوەی وڵات دەیانویست بەشداری هەڵبژاردنەكان بكەن، دەبوو بێنە توركیا بۆ ئەوەی دەنگ بدەن، بەڵام لە ساڵی 2014ەوە ڕێكارەكانی دەنگدانی دەرەوە ئاسانتر بوو، بەهۆی ئەوەی دەنگدەران توانیان لەنوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەكان لەو وڵاتانەی تێیدا نیشتەجێن، دەنگ بدەن”.
بە وتەی جەنگیز:”دەنگی توركەكانی دەرەوەی وڵات، جیاوازییەكی گەورە لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكاندا دروست ناكات، بەڵام دەنگی ئەو كەسانە زۆر شتمان پێدەڵێت كە توركەكانی دانیشتووی دەرەوەی وڵات چییان لەبارەی سیاسەتی توركیا و ئایندەی وڵاتەكەیانەوە هەیە”.
سەرۆكی توركیا كە سەرۆكی دەوڵەت و حكومەت دەبێت، ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی سیستمی دوو خولەوە هەڵدەبژێردرێت، بۆ ئەوەش كاندیدێك دەبێت زۆرینەی ڕەهای دەنگەكان بەدەستبهێنێت، تا بەسەرۆك هەڵببژێردرێت.
ئەگەر هیچ كاندیدێك بە شێوەیەكی یەكلاكەرەوە زۆرینەی گشتی مسۆگەر نەكات، ئەوا هەڵبژاردنی دووەم لە نێوان دوو كاندید كە زۆرترین دەنگیان هێناوە لە خولی یەكەمدا ئەنجام دەدرێت، دواتر براوەی هەڵبژاردنەكە ڕادەگەیەنرێت.
ئەم سیستمی هەڵبژاردن بۆ یەكەمجار بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ساڵی 2014 بەكارهات، ئەو كاتە جێگەی سیستمی هەڵبژاردنی ناڕاستەوخۆی گرتەوە كە سەرۆك لەلایەن پەرلەمانەوە هەڵدەبژێردرا.
ماوەی مانەوەی سەرۆك كۆمار سنووردارە، دەتوانێت دوو خولی یەك لە دوای یەك كە زۆرترینی پێنج ساڵ بێت، بمێنێتەوە.
بەڵام چاوەڕوان دەكرێت ، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی ئێستا لە ساڵی 2023وە بۆ خولی سێیەم خۆی كاندید بكات، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی سیستمی سەرۆكایەتی ئێستا، تا دوای كۆتایی هاتنی خولی یەكەمی بەتەواوی جێبەجێ نەكرا، بەو مانایەیە كە حوكمڕانیەكەی لە 2014 تا 2018 ئەژمار ناكرێت، تا ماوەی سەرۆكایەتی دووەمی.
توركەكانی تاراوگە بۆ یەكەمجار لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2014 توانیان دەنگەكانیان لە دەرەوەی وڵات بدەن.
لەو ساڵەدا ڕێژەی بەشداریكردنی دەنگدەرانی دەرەوەی وڵات تەنها لەسەدا 18.9 بووە و لە ساڵی 2018دا بۆ 50.1%بەرزبووەتەوە.
لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2018دا سێ ملیۆن و 400 هەزار هاوڵاتی تورك بۆ دەنگدان لە دەرەوەی وڵات ناویان تۆماركرا.
ئەردۆغان لەو دەمەدا 52.4%ی دەنگەكانی توركیای بەدەستهێنا، لەهەمان كاتدا 59.4%ی دەنگەكانی دەرەوەی وڵاتیش بەدەستهێنا.
زۆرینەی هەرە زۆری دەنگدەرانی توركیا لە ئەوروپا لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ساڵی 2018دا پشتگیرییان لە ئەردۆغان كرد و لە ئەڵمانیا 64% و لە فەرەنسا 63% و لە هۆڵەندا 72% و لە بەلجیكا 74% و لە نەمساش 71%ی دەنگەكانی بەدەستهێنا.