محەمەدی حاجی مەحمود: ئەگەر ئێران پەیوەندی لەگەڵ ئێمە هەبێت شانازی پێوەدەکەین



سکرتێری پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان رەتیدەکاتەوە کە حزبەکەی ئامادەکاری بکات بۆ ئەوەی بە هاندانی ئێران هێرش بکاتە سەر حزبە کوردییەکانی ئێران لە ناو هەرێمی کوردستاندا.

محەمەدی حاجی مەحمود رایگەیاند:”لەکاتی ئازادکردنی هەڵەبجەدا نۆسەد پێشمەرگەی حزبی دیموکرات ئێمە ڕزگارمان کردن ناوەکانیشمان لایە و بەدرێژایی مێژوو یارمەتی هەموو کوردی پارچەکانمان داوە؛ یارمەتی کوردی ئێران، یارمەتی پەکەکە، کە تەنانەت برینداریشمان هەبووە”.

راشیگەیاند:”ئێمە دژی هیچ لایەنێکی کوردی نین لە هیچ پارچەیەک. خۆ ئەگەر دۆستایەتیشمان پێ نەکرێت، دوژمنایەتییان ناکەین. هەموو کورد لەهەموو بەشەکانی کوردستان بەیەک میللەت دەزانین.”

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا گرتەیەکی ڤیدیۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا بڵاوبووەتەوە کە لەلایەن ئێرانەوە مەشقی سەربازی بە هێزەکانی پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان دەکرێت لەو بارەیەوە رایگەیاند:” ئەو ڤیدۆیە هی ساڵی ٢٠١٦ یە، کاتی شەڕی داعشە، ئەوکاتەی کە من دەچوم بۆ شەڕ. ڕاهێنانیان بە شۆفێر و پاسەوانەکانم دەکرد تا هەرکاتێک کەوتنە شەڕەوە، چۆن شەڕ بکەن، ئەو کات دوو سێ جار کەوتینە ناو کەمینی داعش، ئەو مەشق و ڕاهێنانە وایکردبوو کە پێشمەرگەکانمان توانای ڕووبەڕوبونەوەیان هەبێت لەوکاتانەدا. ”

سەبارەت بە ڕۆڵی ئێران و وڵاتانی تر لە مەشقپێکردنی هێزەکانی سۆسیالیست، محەمەدی حاجی مەحمود وتی، “ئێمە کۆمەڵێک مامۆستامان هێناوە کە هی زانکۆی تارانن. خۆ ئێرانییەکانیش مەشقمان پێبکەن زۆر ئاساییە. ئێمە پەیوندیمان هەیە لەگەڵ ئێران، عێراق، تورکیا،ئەمەریکا و هەمووان. ئێستاش لە زاخۆ و قەڵاچوالان خەڵکمان هەیە مەشقییان پێدەکەن. ئەمەریکی و ئەڵمانەکانیش مەشقییان بەهێزەکانمان کردووە.”

دەشڵێت، “ئێران دەوڵەتێکی گەورەیە. ئەگەر ئێران پەیوەندی لەگەڵ ئێمە هەبێت و بێت مەشق بە ئێمە بکات وەڵا ئێمە شانازی پێوە دەکەین.”

“ئه‌گه‌ر حكومه‌ت بۆمان بكات، به‌ڵێ ٢٠ هه‌زار كه‌سی تر داده‌مه‌زرێنین، چونكه‌ خه‌ڵكی كوردستان هه‌مووی دۆخی باش نییه‌ و له‌لایه‌كی تره‌وه‌ هه‌تا ئێستا سه‌قامگیری سیاسی لە هه‌رێمی كوردستان نییه.”محەمەد حاجی مەحمود وادەڵێت

سەبارەت بە مووچەی هێزی حزبەکەی، محەمەدی حاجی مەحمود وتی”، هێزەکانی ئێمە بەشێکیان سەر بەوەزارەتی ناوخۆن، بەشێکیشیان سەر بەوەزارەتی پێشمەرگەن، وە یەکەیەکیشمان هەیە هێشتا ناومان نەناوە یەکەی شەست دەبێت یا نەوەد، جار جار بۆ ئەو هێزە خۆمان یارمەتییان دەدەین. ”

راشیگەیاند کە سۆسیالیست مەبەستیەتی خۆی ئامادەبکات بۆهەر ئەگەرێک کە لەناوچەکەدا ڕووبدات، چونکە “ئێستا هیچ ئارامی و جێگرییەک لە ناوچەکەدا نییە. ئەمەریکا و ڕوسیا، ئۆکرانیا، جگە لەوە چین هاتووەتە ناوچەکە”.

“ئێران مافی منداڵانی پێشێلكردووە”
پێت “ئێران مافی منداڵانی پێشێلكردووە”
عەبدوڵڵای کوێخا موبارەک لەبارەی کوشتنی کوڕەکەیەوە چی دەڵێت؟
دوات عەبدوڵڵای کوێخا موبارەک لەبارەی کوشتنی کوڕەکەیەوە چی دەڵێت؟
پەیوەندیدار