قائیمقامیەتی سلێمانی كارگە و كۆگاكانی ئاوی لەدەبەنراو ئاگادار دەكاتەوە و سەرۆكی لیژنەكانیش دەڵێت: “دەست بەسەر ئەم بارهەڵگرانەدا دەگرین”.
كەیوان خەلیل، سەرۆكی لیژنەی كارگە و كۆگاكانی ئاوی لەدەبەنراو رایگەیاند؛ بەمەبەستی پابەندكردنی شوێنەكان بەمەرج و رێنماییەكانی كاركردن، ڕۆژانە لیژنەكە سەردانی سەرجەم كارگە و كۆگاكانی ئاوی لەدەبەنراو دەكات، پشكنینە كیمیایی و فیزیاییەكان ئەنجام دەدات و لەكاتی هەبونی كەموكورتی بەپسوڵەیەك شوێنەكە و خاوەنەكەی ئاگادار دەكاتەوە.
وتیشی؛ بەپێی رێنمایی و ستانداردە جیهانییەكان، پێویستە ئاوی لەدەبەنراو و هەموو خواردن و خواردنەوەكی لەدەفرنراو پێویستە لەخوار پلەی گەرمی (25) و دوور لەتیشكی خۆر عەمبار یان بگوازرێتەوە، بۆئەوەی گەرمی و تیشكی خۆر نەبێتە هۆی تێكدان و تیكچونی پێكهاتەكانیان كە زیان بەتەندروستی مرۆڤ دەگەیەنێت.
سەرۆكی لیژنەكە ئاماژەی بۆئەوەكرد، بەهۆی بەرزبونەوەی پلەكانی گەرما و زیاتر دەركەوتنی تیشكی خۆر، ئاگاداری سەرجەم كارگەكانی ئاو كراوە، كە لەكاتی گواستنەوەی ئاوی لەدەبەنراو پێویستە بەشێوەی داپۆشراو بگوازرێتەوە، هەروەها كۆگا و ماركێتەكان شوێنێك تایبەت دابین بكەن كە دور لەتیشكی خۆر و لە خوار پلەی (25)ـەوە بێت، بەپێچەوانەوە روبەڕوی رێكاری یاسایی دەكرێنەوە.
لای خۆشیەوە رێكان جەمال، سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكان رایگەیاند؛ لەپێناو پاراستنی تەندروستی گشتی و هاوكاریكردنی لیژنەكان بۆ دەستگرتن بەسەر ئەو بارهەڵگرانەی بەشێوەی دانەپۆشراو ئاوی لەدەبەنراو یان خواردن و خواردنەوەی لەقتونراو دەگوازنەوە نوسراوی فەرمی ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی دەكەن.
سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی جەختدەكاتەوە، هەر كارگەیەك، كۆگایەك، ماركێت و دوكانێك ئاوی لەدەبەنراو لەبەر تیشكی خۆر و لەسەرو (25) پلەی گەرمی بەرز بگوازێتەوە یان عەمباربكات دەداخرێت و خاوەنەكەشی روبەڕوی رێكاری یاسایی دەكاتەوە.