نەیمار جونیۆر ئەستێرەی بەڕازیل و یانەی پاریس سان جێرمانی فەرەنسایی، باس لە هەنگاوی داهاتووی و كۆتایی كاروانی وەرزشی خۆی دەكات لەگەڵ یانە پاریسییەكە.
نەیمار لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ تۆڕی “گلۆبۆ ئیسپۆرت”ی بەڕازیلی ڕایگەیاند:” ڕۆژێك دەگەڕێمەوە بۆ یانەی سانتۆس و وادەی گەڕانەوەكەش نزیكە”.
بە وتەی ئەستێرە بەڕازیلییەكە”زۆر خۆشە لەدوای 10 ساڵ گەڕامەوە ماڵەكەم، هاتم بۆ هاندانی سانتۆس بەرامبەر ساوپاولۆ، بەڵام بەداخەوە یارییەكە بە یەكسانبوون كۆتایی هات”.
نەیمار لە درێژەی قسەكانیدا ڕایگەیاند:”هەست بە دڵخۆشییەكی زۆر دەكەم كە لەم تیپەدام، بەو پێیەی وەك ماڵەكەم وایە لێوەی بە جیهان ناساندم و هەموو شتێكی پێبەخشیم”.
نەیماری تەمەن 31 ساڵ، بۆندەكەی لەگەڵ سان جێرمان لە هاوینی 2025 كۆتایی دێت، ئەگەری درێژكردنەوەی هەیە بۆ ماوەی دوو وەرز، تا ساڵی 2027.
نەیمار لە هاوینی 2013 لە یانەی سانتۆسەوە ڕووی لە بارسێلۆنا كرد، بەر لەوەی لە هاوینی 2017 پەیوەندی بە یانە پاریسەكەوە بكات، كە بووە گرانبەهاترین بۆند لە مێژووی تۆپی پێدا و بڕی بۆندەكە گەیشتە نزیكەی 222 ملیۆن یۆرۆ.