سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان داوا لە هەموو لایەنە سیاسییەکان دەکات کە بە گیانی نیشتمانپەروەرییەوە قۆناغی ناکۆکیی سیاسی تاقەتپڕووکێن تێپەڕێنن و ئەوەیان لەبەرچاوبێت کە پاراستن و گەشەکردنی قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان باڵاترین بەرژەوەندیی گەلی کوردستانە و تەنها بە بانگەشەی بێ کردار بۆ ئاشتەوایی لە مەترسییە هەمەلایەنەکان ناپارێزرێت.
رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، بەبۆنەی جەژنی رەمەزانەوە پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت:”لەم جەژنە موبارەکەدا داوا لە هەموو لایەنە سیاسییە بەرپرسەکانی هەرێم دەکەین کە بە گیانی نیشتمانپەروەرییەوە قۆناغی ناکۆکیی سیاسی تاقەتپڕووکێن تێپەڕێنن و ئەوەیان لەبەرچاوبێت کە پاراستن و گەشەکردنی قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان باڵاترین بەرژەوەندیی گەلی کوردستانە و تەنها بە بانگەشەی بێ کردار بۆ ئاشتەوایی لە مەترسییە هەمەلایەنەکان ناپارێزرێت، بەڵکو پێویستیی بە ئیرادەیەکی سیاسیی بەهێز، خۆنەویستی، دوورکەوتنەوە لە خواستی سڕینەوەی ئەویتر و سازشکردن لەسەر بەرژەوەندییە حزبی و کەسییەکان هەیە”.
دەشڵێت:”هەر لەم بۆنە پیرۆزەدا و لەپێناو بەرقەرارکردنی ئارامیی دەروونی بۆ کوردستانیان، بەپێویستی دەزانم کە هەموو بەرپرسانی دامەزراوە فەرمی و دەستوورییەکان و سیاسییە کاریگەرەکانی گۆڕەپانی سیاسی خۆیان لە لێدوانی توند و زبر بپارێزن و پشکی خۆیان لە ئەرك و بەرپرسیاریهتی بۆ دروستکردنی کەشێکی ئەرێنی جێبەجێ بکەن”.
سەرۆکی پەرلەمان ئاماژەبەوەشدەکات کە ئەم جەژنە بکەنە دەرفەت و بە ڕێکاری یاسایی گونجاو ئەو ڕاگیراو و زیندانییانە ئازاد بکرێن کە تاوانیان ئەنجام نەداوە یان تاوانەکانیان سووکە یان ڕەهەندیی سیاسی وەرگرتووە، بۆ ئەوەی چیتر خێزان و كەسوكاریان لە چاوەروانیدا نەبن و ئازادكردنى ڕۆڵەکانیان بكرێتە جەژنانە بۆیان، لەپێناو بەرجەستەکردنی ڕاستەقینەی بنەماکانی مافی مرۆڤ و ئەو ئازادی و دیموكراسییەتەی كە ساڵانێكی زۆرە گەلەكەمان خەبات لەپێناویدا دەکات.