لە میانی یارییەكانی گرووپی G لە مۆندیالی قەتەر ٢٠٢٢، هەڵبژاردەی بەڕازیل بە ئەنجامی گۆڵێكی بێبەرامبەر لە هەڵبژاردەی سویسرای بردەوە و سەركەوتنی بۆ قۆناغی ١٦ مسۆگەر كرد.
كێبڕكێی نیوەی یەكەمی یارییەكە بەزۆری لە ناوەڕاستی یاریگاكە بوو و هەردوو هەڵبژاردە نەیانتوانی مەترسییەكی بەرچاو بۆسەر گۆڵی یەكتر درووست بكەن و بە بێ گۆڵ كۆتایی هات.
لە خولەكی ٦٤ی یارییەكەدا هەڵبژاردەی بەڕازیل گۆڵێكی لە رێگەی ڤینیسوس جۆنیۆر تۆماركرد بەڵام سستەمی ڤار نەیهێشت خۆشییەكەیان تاسەر بێت و گۆڵەكەی بە بیانووی ئۆفساید هەژمار نەكرد.
یاریزانانی بەڕازیل بەردەوامبوون لە هێرشەكان و فشاری زیاتریان خستە سەر هێڵی بەرگری و گۆڵپارێزی سویسرا تاكو لە خولەكی ٨٣دا كازیمیرۆ شووتێكی بەهێزی لێدا و تۆڕی سویسرای هەژاند و بۆردی ئەنجامەكانی بۆ ١- ٠ گۆڕی.
كۆتا خولەكەكانی یارییەكە هیچ گۆڕانكارییەك بەسەر ئەنجامەكە رووینەدا و هەڵبژاردەی بەڕازیل دووەم بردنەوەی لە مۆندیالی قەتەر ٢٠٢٢ تۆماركرد و سەركەوتنی بۆ قۆناغی ١٦ مسۆگەر كرد.
هاوكات، ئەستێرەی یانەی پاریس سان جیرمان، نەیمار بەهۆی پێكانی قاچیەوە نەیتوانی لە یارییەكە بەشداری بكات.
یارییەكە لە یاریگای ٩٧٤ و بە ئامادەبوونی ٤٣ هەزار ٦٩٤ هاندەر بەڕێوەچوو.