سەڵاحەدین بەهادین: سەركۆنەی دەستگیركردنی راشید غەنووشی دەكەین
لەلایەن دەسەڵاتدارانی تونسەوە راشید غەنووشی سەرۆكی بزووتنەوەی نەهزەی ئیسلامی و رێبەری ئیخوانەكانی ئەو وڵاتە و یەكێك لەسەركردە دیارەكانی ئیخوان دەستگیركرا.
ئێوارەی 17ی نیسانی 2023 راشید غەنووشی لەلایەن هێزێكی پۆلیسی تونسەوە دەستگیركرا و دوای 48 كاتژمێر لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا بەیانی ئەمڕۆ پێنج شەممە دادگای تونس فەرمانی زیندانیكردنی بۆ دەركرد.
لەگەڵ غەنووشیدا یازدە كەسی دیكەش وەك تۆمەتبار لە كەیسی پەیوەست بە بابەتی ئاسایشی وڵات و تیرۆرەوە هەن، لەوانە ژمارەیەك سەركردەی بزووتنەوەی نەهزەی ئیسلامی هەن.
هاوكات دەسەڵاتدارانی تونس كار و چالاكی بزووتنەوەی نەهزەیان قەدەغەكرد و تەواوی بارەگاكانی ئەو حیزبەیان داخست.
راشید غەنووشی سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی تونس بووە و لەلایەن سەرۆكی تونس قەیس سەعیدەوە دوورخرایەوە.
ئەو بڕیارە كاردانەوەی لێكەوتەوە، لەوبارەوە سەڵاحەیدن بەهادین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان بەتووندی سەركۆنەی دەستگیركردنی غەنووشی كردووە.
ئەمینداری گشتی یەكگرتوو دەڵێت “بەداخەوە گوێبیستی هەواڵی هەڵكوتانە سەر ماڵی شێخ راشید غەنووشی سەرۆكی بزووتنەوەی نەهزە و سەرۆكی پەرلەمانی تونس و دەستگیركردنی دەبین، دۆخی تونس گەیشتووەتە ئەو ئاستە، كە دەستی تێكدەر و توندوتیژی بگاتە هێماكانی وڵاتەكەیان”.