تەندروستی سلێمانی رایگەیاند، بۆ کەمکردنەوەی رۆتین لە تەندروستی سلێمانی هەنگاودەنرێت بۆ بەئەلیكترۆنی كردنی سیسیتمی تەندروستی لە شارەکە.
بەڕێوەبەرایەتی گشی تەندروستی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت:”بەڕێوەبەری تەندروستی لەگەڵ بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکانی سلێمانی کۆبووەوە بەمەبەستی بە ئەلیكترۆنی كردنی كاروباری ڕۆژانەی نەخۆشخانەكان و دەستپێكی ئەم كارەش لەچوار بواردا دەست پێدەكات و بوارەكانی ئامار و دەرمان و بواری تاقیگەیی لەگەڵ پێداویستی تاقیگەكان دەكرێن بە ئەلیكترۆنی”.
تەندروستی دەشڵێت:” ئامانجی ئەو پرۆژەیە بۆ كەمكردنەوەی رۆتین و برەودانە بە بەرێوەبردنی نەخۆشخانەكان و كۆنترۆڵكردنی هەر زانیارییەك و بڕی پێویستی دەرمان بۆ نەخۆشخانەكان و بە ئەلیكترۆنی كردنی كۆگای دەرمان”.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە بەرێوبەری گشتی تەندروستی سلێمانی ئامادەبووانی كۆبونەوەكەی ڕاسپارد زۆر بەجدی كاری لەسەر بكەن بۆئەوەی بتوانن لەسەرەتای وەرزی بەهاری داهاتوو بە ئەلیكترۆنی كردنی هەموو نەخۆشخانە و سەنتەرەكان تەواو بووبێت .
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە کە بڕیارە دوای بەئەلیكترۆنی كردنی ئەو چواربەشە دەست بكرێت بەئەلیكترۆنی كردنی كاروبارە كارگێڕییەكان و كارە ژمێریارییەكان لەقۆناغی داهاتوودا.