بریكاری وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، ئامانجی وەزارەتەكەیان نەهێشتنی دوو دەوامی و سێ دەوامی یە لە قوتابخانەكان و هەنگاوی باشیان ناوە و لە ساڵی داهاتوودا لە هیچ قوتابخانەیەك سێ دەوامی نامێنێت .
د.سەیوان فەرەج، بریكاری وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی ڕایگەیاندووە، دروستكردنی قوتابخانە لەهەرێم پرۆسەیەكی بەردەوامە و ئامانجیان ئەوەیە، كە كێشەی كەمی بینا چارەسەر بكرێت و قوتابخانەكان باشتر ورێك وپێكتر بن، بۆیە دەیانەوێت ئەو كەموكووڕییانەی هەن چارەسەر بكرێن و ژمارەی قوتابخانەكان لەگەڵ ژمارەی قوتابییان یەك بێت و هەموو پێداویستییەك لەناو پۆلەكان هەبێت.
ڕاشیگەیاندووە، بە قۆناغ وا دەكەن كێشەی كەمی بینا چارەسەر بكرێت و لە ئێستا ئیش لەسەر ئەوە دەكەین سێ دەوامی قوتابخانەكان نەمێنێت، كە تا ساڵی داهاتوو ئەو كێشەیە چارەسەر دەبێت و قوتابخانەی سێ دەوامی نامێنێت، دواتر هەوڵ دەدەین قوتابخانەكان دوو دەوامیشیان تێدا نەمێنێت، ئەمەش بە قۆناغ دەبێت تا لە هەموو قوتابخانەكان یەك دەوام بكرێت.