لەسنووری سلێمانی بەهۆی نەبوونی پارە لە بانكەكاندا ماوەی دوو رۆژە بەپێی ئەو خشتەیەی وەزارەتی دارایی و ئابووری دیاریكردووە بۆ دابەشكردنی مووچە، مووچە نادرێت.
بەپێی زانیارییەكانی (خەڵك)، دوێنێ مووچەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دابەشنەكراوە، كە بەپێی خشتەی وەزارەتی دارایی و ئابووری دەبوو مووچەكەیان وەربگرن.
فەرمانبەرێك لە شارەوانی سلێمانی بۆ (خەڵك) رایگەیاند، دوێنێ مووچەمان پێنەدراوە، دەڵێن بانك پارەی تێدا نییە، دوایانخست بۆ ئەمڕۆ چوارشەممە، بەڵام ئەمڕۆش وەرماننەگرت.
بەپێی زانیارییەكان، لە بەشێك لە بانكەكان فەرمانبەرانیان ئاگاداركردووەتەوە تا دوای جەژن پارەی مووچە لەبەردەستدا نییە.
لەلایەكی دیكەوە بانكی باخان لە سلێمانی لە ئاگادارییەكدا دەڵێت ئەمڕۆ چوار شەممە مووچەی خانەنشینی سەربازی دابەش ناكرێت، سبەی پێنج شەممەش تەنها مووچەی ئەوانە دابەش دەكرێت، كە پلەی نەقیبیان هەیە.
بەپێی زانیارییەكان لە بانكەكانی دیكەش دابەشكردنی مووچە بەپێی پێویست نییە، تەنها ئەمڕۆ و سبەیش ماوە تا پێش جەژن مووچە دابەشبكرێت.