ئاسایشی ڕاپەڕین دوو باندی بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەستگیردەكەن و دەست بەسەر بڕێكی زۆر ماددەی هۆشبەردا دەگرن.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گشتی – سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، بەشی ماددە ھۆشبەرەكانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕاپەڕین بەپشتبەستن بە زانیاری و بەدواداچوونی ورد، دوای وەرگرتنی ڕەزامەندی بەڕێز دادوەری دادگای لێكۆڵینەوەی ڕانیە دوو چالاكی گرنگی بەئەنجام گەیاند.
ڕاشیگەیاندووە، چالاكی یەكەم لە ڕێكەوتی ٢٠٢٣/٤/١٢ دوو تۆمەتبار بەناوەكانی ( س ، ك ، أ ) و ( ك ، ر ، ح ) بەچەند جۆر و بڕێكی جیاوازی ماددەی ھۆشبەر لە سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین دەستگیركرد، یەكێك لە گومانلێكراوان دانیشتووی شاری ھەولێرە .
جۆر و بڕی ماددە هۆشبەرەكان بریتی بوون لە بڕی ( ١٠٠٠ ) گم لەجۆری ( ھێرۆین ) و بڕی ( ١٥٠٠ ) گم لە جۆری ( تریاك ) و بڕی ( ٥٠٠ ) گم لە جۆری ( ماریجوانە ) و بڕی ( ٥٠ ) گم لە جۆری ( كریستاڵ ).
ڕوونیشی كردۆتەوە، دەستگیراوە بەسەر ئامێری پێوانەكردن و كەل و پەلی بەكارهێنانی ماددە هۆشبەرەكان، هەردوو تۆمەتبار بە ماددەی ( ٢٦ ) لە یاسای بەرەنگاربونەوەی ماددە هۆشبەرەكان و كارتێكەرە ئەقڵیەكان ڕاگیراون و لێكۆڵینەوە لە دۆسیەكانیان بەردەوامە .
سەبارەت بە چالاكی دووەم ئاشكرای كردووە، لە ڕێكەوتی ٢٠٢٣/٤/٩ بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕاپەڕین دەستیان گرت بەسەر بڕی ( ٥٦ ) كگم ماددەی هۆشبەر لە جۆری ( كریستاڵ ) بە شێوەی شاراوە لەناو ( ١٧ قتوی كەتیرە )دا بوو، ئامادەكرابوو بنێرێتە دەرەوەی هەرێمی كوردستان، لە ئێستادا لێكۆڵینەوە لە دۆسیەكە بەردەوامە .