هاوسەرۆكی هەدەپە: ئەردۆغان چەندە كوردە، كوردیش ئەوەندە توركن، ئێمە دەڵێین، بەڵێ ئێمە كوردین و شانازی بە كوردبوونمانەوە دەكەین
هاوسەرۆكی گشتیی پارتی دیموكراتی گەلان هەدەپە پەروین بوڵدان لە میانەی بەشداری لە بانگەشەی هەڵبژاردن لە رحا و دیلۆكی باكووری كوردستان رایگەیاند “من دەزانم ئەوان دوژمنی دادپەروەرین، دوژمنی یاسان، دوژمنی كوردانن، ئێمە دەزانین ئەوان دوژمنی ئاشتی و دیموكراسین، بە نكۆڵیكردن لە كوردان، بە قەدەغەكردنی زمان ٢١ ساڵە هەوڵ دەدەن بە هەمان مێشكەوە وڵاتەكە بەڕێوەببەن، ئەردۆغان جارێكی دیكە دوژمنایەتی خۆی بۆ كوردان، زمانی كوردی و مێژووی كورد دەربڕی”.
هەروەها هاوسەرۆكی هەدەپە دەڵێت “ئەردۆغان چەندە كوردە، كوردیش ئەوەندە توركن، ئێمە لێرەوە دەڵێین، بەڵێ ئێمە كوردین و شانازی بە كوردبوونمانەوە دەكەین، ئێمە كوردین، كرمانجین، ئێمە كوردین زازاین، ئێمە كوردین، ئێمە لە توركیا كوردین، لە عێراق لە رۆژئاوا لە هەموو شوێنێكی جیهان كوردین و بە ناسنامەی خۆمانەوە سەربەرزین، ئێمە لە دەنگداندا پێت نیشان دەدەین كە وادەكەین ئێوە بیدۆڕێنن، لە ١٤ی ئایاردا ئەوە دەبینن”.
روونیشیكردەوە “هەڵبژاردن بۆ پەرلەمان و بۆ سەرۆكایەتی كۆمارە، بۆ گۆڕانكاری و وەرچەرخان و سەرەتایەكی نوێیە، بۆ ئایندەی ئەم وڵاتە، هەڵبژاردن دەكرێت”.
پەروەین بوڵدان راشیگەیاند “ژنان و گەنجان، ئەو مرۆڤانەی نكۆڵیان لێدەكرێت لە پێناو گۆڕینی ئەم وڵاتەدا جارێكی دیكە دەنگ دەدەن، هەڵبژاردن لە نێوان دیموكراسی و فاشیزم، ئاشتی و شەڕ، دادپەروەری و نادادی ئەنجام دەدرێت، ٢١ ساڵە ئەم وڵاتە بەڕێوە دەبەن، ٢١ ساڵە لەم وڵاتەدا هەموو جۆرە نادادییەك ئەنجام دەدرێت”.
ئاماژەی بەئەوەش كرد “گرتووخانەكان پڕن لە سیاسەتمەدار، پڕن لە ئاشتیخواز و ئەكادیمییەكان، زیندانەكان پڕن لە هاوسەرۆكانی شارەوانییەكان، ئێمە لە ١٤ی ئایاردا لێپێجینەوە لە هەموو ئەمانە دەكەین”.
دەشڵێت “لەم وڵاتەدا لەپێناو دادپەروەری، ئازادی و دیموكراسیدا تێكۆشان لەئارادایە، رحاش بووە میوانداری ئەم تێكۆشانە مێژووییەی دادپەروەری”.