لەگەڵ بێئەنجامبوونی هەوڵەكانی گەڕانەوەی تیمی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ نێو حكومەت و سەردانەكەی شاندێكی حكومەت بۆ لای جێگری سەرۆك وەزیران، شەڕی راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان گەرمدەبێتەوە.
بە وتەی جێگری سەرۆكی فڕاكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان، قسەكانی ڕۆژی یەكشەممەی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ “تێكدانی” كۆبونەوەكەی دوێنێ دووشەممەی شاندەكەی ئەنجومەنی وەزیران بووە لەگەڵ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان.
لوقمان وەردی جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە دەنگی ئەمریكای ڕاگەیاند “ئەم شێوازی دەربڕین و ئاخاوتنەی سەرۆكی حكومەت ڕوونە، لەلایەك شاندێك دەنێرێت بۆ گفتوگۆ و بەحساب بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لەگەڵ تیمی یەكێتی، لەلایەكی دیكەوە هێرشێكی توند دەكاتەسەر هاوبەشێكی ڕاستەقینەی خۆی لە حكومەت.”
ئێوارەی ڕۆژی یەكشەممە لە میانەی مەراسیمی بەربانگ لەگەڵ كاسبكاران و كرێكارانی شاری هەولێر، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند ” هیچ كات و هەرگیز ئێمە ناتوانین هاوبەش و بەشداربین لە خاكفرۆشی، لە گەندەڵی، لە تیرۆر و تۆقاندن، لە سەرانەستاندن، یان لە ئەوەی خەڵك لەپێناو بەرژەوەندییەكانی خۆمان بەكاربێنین.”
سیروان گەردی، ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی پارتی لەبارەی گرژییەكانی نێوان پارتی و یەكێتی بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، یەكێتی كەوتووەتە دۆخێك هەرگیز هیچ كاتێك وای بەسەر نەهاتووە، لە یەك كاتدا لە حكومەتە و ئۆپۆزسیۆنیشە.
دەشڵێت، یەكێتی لەسەر ئەو بەرنامە و پلانە و بەو شێوە سەربازی و میدیاییەی ئێستای بەردەوام بێت، خۆی دەتوێتەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، پێویستە پارتی پەلە نەكات لە یەكێتی، تا خۆی كۆ دەكاتەوە.