عێراق مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی دیاریكرد



لە پڕۆژە یاسای بودجەی فیدڕاڵی عێراقدا پشكی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بە 9.3 ترلیۆن دینار دیاریكرا لە كۆی پشكی هەرێم، كە كۆی گشتییەكەی نزیكەی 17 ترلیۆن دینارە، كە بەوەشدا دەردەكەوێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەخرێتە سەر عێراق.

تێکڕای داهاتی خەمڵێندراوی نەوتی و نانەوتی عێراق بۆ ئەمساڵ بە 134.6 تریلیۆن دینار خەمڵێنراوە و هۆكاری بەرزبوونەوەشی دەگەڕێتەوە بۆ زیادبوونی بەرهەمهێنانی نەوت و هەروەها بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، كە لە بودجەی ئەمساڵدا بەرمیلی بە 70 دۆلار خەمڵێنراوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێك، كە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەسەر پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی 2023 ئامادەی كردووە، چەندین سەرنج و تێبینی لەسەر پڕۆژە یاساكە تۆماركراوە بەتایبەت لە زیادبوونی خەرجییەكان و بابەتی زیادبوونی كورتهێنان.

بەپێی ڕاپۆرتەكەی لیژنەی دارایی، داهاتی نانەوتی خەمڵێندراو بۆ ساڵی 2023 نزیكەی سێ تریلیۆن دینار كەمیكردووە بە بەراورد بە بودجەی ساڵی 2021 ئەوەش بە پێچەوانەی داهاتی نەوتییەوە، كە نزیكەی 33% و بە بڕی 36 ترلیۆنزیادی كردووە.

وەك لە ڕاپۆرتەكەدا ئاماژەی پێ‌ دراوە، پارەی تەرخانكراو بۆ قەرەبووی فەرمانبەرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2021 بڕی 6 تریلیۆن دینار بووە، بەڵام بۆ ساڵی 2023 بڕەكە لە بودجەدا بەڕێژەی 55% زیادی كردووە و بووە بە 9.3 تریلیۆن دینار.

ئەوەش ئاشكراكراوە، كە پارەی تەرخانكراو بۆ پێداویستییە خزمەتگوزارییەكانی حكومەتی هەرێم لە ساڵی 2021دا بڕی400 ملیار دینار بووە، بەڵام بۆ ئەمساڵ بووە بە 1.8 تریلیۆن دینار.

بەپێی پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق و هەروەها بڕیاری دادگای پاریس بۆ ڕاگرتنی هەناردەی نەوت و ڕادەستكردنەوەی بە عێراق، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەچێتەوە سەر حكومەتی فیدڕاڵی عێراق بەو پێیەی نەوتی هەرێم ڕاگیراوە و هیچ داهاتێكی ئەوتۆ دەست حكومەتی هەرێم ناكەوێت و لەمەودوا هەناردەی نەوت لەڕێگەی عێراقەوە دەبێت و داهاتەكەی دەچێتە حسابی حكومەتی فیدڕاڵییەوە.

ئەمڕۆ یەک شەممە، شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بۆ میدیای پارتی ڕایگەیاند، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق پێی وتم دەبێت چارەسەرێكی یاسایی بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بدۆزرێتەوە و ناكرێت هەرێم بەبێ مووچە بەجێ بهێڵدرێـت، بۆیە لە كۆبوونەوەی سێ شەممە ئەو بابەتە باس دەكرێت.

وەزیری شارەوانی پێشوازی لە كارمەندەكەی شارەوانی مەخموور كرد
پێت وەزیری شارەوانی پێشوازی لە كارمەندەكەی شارەوانی مەخموور كرد
مێزی تێنس لە پاركی ئازادی لە سلێمانی دادەنرێت
دوات مێزی تێنس لە پاركی ئازادی لە سلێمانی دادەنرێت
پەیوەنیدر