سەرۆكی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت ، ژمارەی لیوا هاوبەشەكان بوونەتە 24 لیوای هاوبەش و گۆڕانكاری و یەكخستنی هێزی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت، بۆیە پرۆسەی چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوامە، دەشڵێت،” بەرپرسی میحوەر نامینن و سیستەمی هێزی پێشمەرگە لەسەر بنەمای لەشكری دروست دەكرێت”.
ڕیڤینگ هروری، سەرۆكی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان بۆ ماڵپەڕی فەرمی حزبەكەی ڕایگەیاندووە، دروستكردن و ڕاگەیاندنی دوو فیرقە لە هەرێمی كوردستان زۆر گرنگە و یەكێكە لە هەنگاوەكانی چاكسازیی وەزارەتی پێشمەرگە و ڕێكخستنی هێزی پێشمەرگە، هەنگاوێكی گرنگ و پێویستە، كە پێشتر تەنها لیوا هەبوون و ئێستا هەنگاوی دروستكردنی فیرقە دەستی پێ كردووە و زۆر گرنگە بۆ هەیكەلیەتی هێزی پێشمەرگە.
ڕاشیگەیاندووە، وەزارەتی پێشمەرگە 20 لیوای هەبوو بە دروستكردنی ئەو دوو فیرقەیە ئێستا ژمارەی لیواكان بووەتە 24 لیوای هاوبەش، بۆیە بەرپرسی میحوەر نامینن و سیستەمی هێزی پێشمەرگە لەسەر بنەمای لەشكری دروست دەكرێت و گۆڕانكاری دەكرێت، ئەوەش بە هەنگاو دەبێت، بۆیە چاكسازی بەردەوامە و كاری لەسەر دەكرێت و ئەوە جێگەی دڵخۆشی ئێمەیە.