بەپێی ڕاپۆرتی دامەزراوە فەلەكییەكان، پێشبینی دەكرێت ڕۆژی هەینی 21ی نیسان ببێتە یەكەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانی ئەمساڵ و بەوەش لەو ڕۆژەدا هەردوو (نوێژی جەژن و نوێژی هەینی) كۆدەبنەوە و ئەنجوومەنی باڵای فەتوای هەرێم دەڵێت: “پێویستە نوێژی هەینیش، هاوشێوەی نوێژی جەژن ئەنجامبدەن، چونكە هیچ بەڵگەیەك نیە لەسەرئەوەی كە نوێژی هەینی ئەنجام نەدرێت”.
ئەنجوومەنی باڵای فەتوا لە ڕوونكردنەوەیەكدا بۆ موسڵمانان ئاماژەی بەوەكردووە، “بەو پێیەی ئەگەری ئەوە هەیە جەژنی رەمەزانی ئەمساڵ بكەوێتە ڕۆژی هەینی، هەر كاتێ جەژن و جومعە كۆبوونەوە لە یەك ڕۆژدا، ئەگەر خەڵكەكە جەژنیان كرد بە كۆمەڵ، ئەوە دەربارەی ئەنجامدانی نوێژی هەینی، لای جمهوری زانایانی ئیسلام؛ بەتایبەتی هەرسێ مەزەبی (حەنەفی و شافیعی و مالیكی)و زاهیریەكانیش پێیانوایە، بە هیچ شێوەیەك نوێژی جەژن، شوێنی نوێژی هەینی ناگرێتەوە و نوێژی هەینیش شوێنی نوێژی جەژن ناگرێتەوە”.
ئاماژەی بەوەشكردوە، “ئەگەر ئەو فەرمودەیەی كە باس لە ڕێگەدان و جائیزبونی ئەنجامنەدانی نوێژی هەینی دەكات لەڕۆژی جەژن سەحیحیش بێت؛ ئەوە تایبەت بووە بەو گوند و شوێنە دورانەی مزگەوتیان نیە، یان وتاری هەینیان نییە، یان ئەو گەشتیارانەی، كە لەگوندەكانەوە هاتون بۆ شار و ویستویانە بگەڕێنەوە و پێغەمبەری خوا (د.خ) بۆ ئاسانكاری و قورس نەبونی ئەركی سەرشانیان وای پێفەرموون”.
جەختیشی كردۆتەوە، له ڕووی حوكمهوه؛ نوێژی جهژن سوونهتی موئهككهدهیه و نوێژی ههینیش فهرزه؛ فهرزیش لانابرێت بههۆی سوننهتهوه بێ بوونی بهڵگهی صهحیح.
ئەنجوومەنی باڵای فەتوای هەرێمی كوردستان داوا لە موسڵمانان دەكات، “بە هیچ شێوەیەك ئەوە نەكرێتە مایەی دەنگە دەنگ و ئاژاوە و قسە و قسەلۆك و دروستكردنی ڕاڕایی و كێشە نانەوە لە ناو موسڵمانان، باشتروایە موسڵمانان بۆ دەرچون لە خیلاف و ڕا جیاوازی، بەشداری نوێژی هەینی بكەن، چونكە ئەو كاتی لە جیاتی پەناربردن بۆ ڕوخسەت، دەستگرتنە بە عەزیمەت و ڕۆیشتنە لەسەر رای زۆرینەی زانایانی فیقهی ئیسلامی، لە خیلافیش چونەتە دەر، بەتایبەت تر كە ئێستا لە هەر كاتێك زیاتر پێویستیمان بە یەكدەنگی و خۆشەویستی و تەباییە”.
دەشڵێت: “داوامان وایە، كە هەموو ئەو موسڵمانانەی دەتوانن بەشداری نوێژ بكەن و هیچ بەهانەیەكی شەرعیان نییە، با ئامادەی مەڕاسیمی نوێژی جەژن و نوێژی هەینی بن، كە بەلایەنی كەمەوە ڕۆشتن و دەستگرتنە بە ڕای زۆرینەی زانایانی فیقهی ئیسلامی”.