لەیادی ٣٥ ساڵەی تاوانی ئەنفالدا رەخنەی توند لە بێباكی حكومەت و پەرلەمان دەگیرێت



یەكێتی نوسەرانی جینۆسایدی كوردستان سەرەڕای ئاراستەكردنی رەخنەی توند و سەركۆنە كردنی بێ باكیان نیگەرانە لەحكومەت و پەرلەمانی كوردستان لە بەرامبەر كەمتەرخەمیان سەبارەت بە دۆسیەی ئەنفال و جینۆسایدی كوردستان.

یەكێتی نوسەرانی جینۆسایدی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، كە شاڵاوەكانی ئەنفال بەهەشت قۆناغی یەك لە دوای یەك ئەنجام درا، لە 22ی 2ی 1988 بۆ 6ی 9ی 1988 قۆناغی سێی ئەنفال كە 14ی 4 دەكەێتە ئەو قۆناغەوە، كە بە تراژیدیترین و كۆمەڵكوژترین قۆناغ دەژمێردرێت بە بەراورد بە هەر هەشت قۆناغەكەی تاوانی ئەنفال.

ئاماژە بۆ ئەوەشكراوە، كە هێنانەوەی روفاتی قوربانیانی ئەنفال لە باشوری عیراق دوای پشكنینی پزیشكی، كردنی بەدۆسیەی گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی عیراقی، بەتایبەتی ١٧١ ئێسك و پروسكەكەی كە هێشتا لە خانەی پزیشكی بەغدایە یەكێكە لە داواكارییەكان.

راگەیەنراوی یەكێتی نوسەرانی جینۆساید
٣٥ ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر گەورەترین تاوانی نێودەوڵەتی تاوانی ئەنفال، رژێمی بەعس ‎لە شاڵاوەكانی ئەنفالدا تێكڕای توانای سەربازیی و ئەمنیی و دەوڵەتیی بە بەشداری جاش و جەیشی شەعبی بەكارهێنا بۆ سەر خەڵكی كوردستان بەگشتی و گوندكان بە تایبەتی، وێڕای چەكی قەدەغەكراوی نێودەوڵەتی و چەكی كیمیاوی و ئەنجامدانی كۆمەڵكوژی. ‎لە ئەنفالدا هاووڵاتی و خەڵكی مەدەنی لە ژن و مناڵ و پیر و گەنج بونە قوربانی و ئاوارە بوون. گشت گوندەكانی سنوری جوگرافیای ئەنفال كە ژمارەیان ٤٥٠٠ گوندو شارەدێ بوو، سوتێنران و وێران كران. مزگەوت و تەكیەو قوتابخانەكانیش تەختكران. و تەواوی موڵك و ماڵی خەڵكی تاڵان كران. زیاتر لە ٣٠٠٠ مزگەوت رۆخێنراون.
یەكێتی نوسەرانی جینۆسایدی كوردستان لە یادی قوربانیانی ئەنفال و بیرهێنانەوەی ئەم مێژووە پڕ تاوانە و بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدان و زیانلێكەوتووانی ئەو تاوانانە، وەك نوسەرانی ئەم بوارە بەڕێز و پێزانینەوە یادی قوربانیەكان دكەینەوەو تاوانەكە وەبیر دەهێنینەوە.

شاڵاوەكانی ئەنفال بەهەشت قۆناغی یەك لە دوای یەك ئەنجام درا. لە ١٩٨٨/٢/٢٢ بۆ ١٩٨٨/٩/٦.
قۆناغی سێی ئەنفال كە ٤/١٤ دەكەێتە ئەو قۆناغەوە بەتراژیدیترین و كۆمەڵكوژترین قۆناغ ئەژمێردرێت بە بەراورد بە هەر هەشت قۆناغەكەی تاوانی ئەنفال.. لە قۆناغی سێیەمی شاڵاوەكانی ئەنفالدا كە ڕژێمی بەعس لە سنوری ناوچەی گەرمیان و كەركووكدا ئەنجامیدا، بە بەكارهێنانی تەواوی توانای سەربازی سوپا دڕندەكەی و بەكرێگیراوەكانی زۆرترین ژینگەی ئاوەدانی مرۆڤ و گیانلەبەری تێكدا و دەیان هەزار ژن و مناڵ و پیرو جوان بەر ئەو شاڵاوە كەوتن و ئەنفال كران و هێشتا ئێسك و پروسكیان لە بیابانەكانی خوارووی عێراق نەهێنراونەتەوە. ئەمە جگە لە زیانە جۆەبەجۆرەكانی تر.
یەكێتی نوسەرانی جینۆسایدی كوردستان سەرەڕای ئاراستەكردنی رەخنەی توندو سەركۆنە كردنی بێباكیان نیگەرانە لە حكومەت و پەرلەمانی كوردستان لە بەرامبەر كەمتەرخەمیان سەبارەت بە دۆسیەی ئەنفال و جینۆسایدی كوردستان، ئەم ئەرك و هەنگاوانەی خوارەوەش بە گرنگ دەزانێت و جەخت لە ئەنجادانیان دەكاتەوە:

یەكەم: ئەو شوێنانەی ناونراون مۆنیۆمێنتەكانی ئەنفال، بایەخیان پێ بدرێت و بكرێن بەمۆنۆمێنت و پێداویستیەكانیان بۆ دابین بكرێت. بە زانستی و راستی بكرێن بە مۆنۆمێنت.

دووەم: ئەركە یاساییەكان رابپەڕێنن بەتایبەتی بەتاوان هەژماركردنی گومانكردن لەقەبارەی قوربانیانی ئەنفال و پیاهەڵدان و ستایشكردنی تاوانبارانی ئەنفال.

سێیەم: هێنانەوەی روفاتی قوربانیانی ئەنفال لە باشوری عیراق دوای پشكنینی پزیشكی. ئەم بابەتە بكرێت بە دۆسیەی گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی عیراقی.
بەتایبەتی ١٧١ ئێسك و پروسكەكەی كە ھێشتا لە خانەی پزیشكی بەغدایە.

چوارەم: گۆڕینی میكانیزمی یادكردنەوەی قوربانیەكان بە پرۆژەو كارو خزمەتكردن نەك گوتارو بەناو چالاكی رووكەش.

پێنجەم: ھەوڵدانی ھەمەلایەنە بۆ ناساندنی ئەنفال لەناوەندە نێودەوڵەتیەكان و لەئاستی ناوخۆش.

شەشەم: یاسای بەھا نیشتمانی و مرۆڤایەتیەكان دەربكرێت و كەس بە ھیچ ھۆكارێك ھەستی قوربانیەكان بریندار نەكات.
حەوتەم: یاسای قەدەغەكردنی ستایش و پاساو بۆ كردەوەكانی ڕژێمی لە ناو چووی بەعس دەربكرێت.
هەشتەم: ھەوڵی زیاتر بدرێت بۆ تۆماركردن و پاراستنی بەڵگەكانی تاونی ئەنفال بۆ ئەوەی ھەرگیز تاوانی وا ڕوونەداتەوە.
نۆیەم: بایەخ بە توێژینەوەو بەبەرھەمی نوسەرانی بواری جینۆساید بدرێت. سەدان بەرھەمی نوسەارانی جینۆساید چاوەڕوانی چاپكردنن و حكومەت لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ ئەم ئەركەش ھان دەدەینەوە.
دەیەم: بابەتی جینۆساید لەسەر ئاستی عێراق و نێودەوڵەتیش كاری جدیی بۆ بكرێت و لە پرۆگرامەكانی پەروەردەو فێركردندا بە باشتر جێگەی بكرێتەوە.
یانزەیەم: بەدیكۆمێنتكردنی وێنەو كەرەستەو بەڵگەنامەكانی ئەنفال و جینۆسایدی كوردستان.

دوانزەیەم: سەنتەری جینۆساید بكرێتەوە لە زانكۆكانی كوردستان و لە پرۆگرامی یاسا نێودەوڵەتیەكان و مافی مرۆڤ تاوانی جینۆساید بخرێتە ناو پرۆگرامی فێركردنەوە.

سیانزەیەم: قەرەبووی كەسوكاری قوربانیان بكرێتەوەو ناوچە زیانمەندەكانی ئەنفال و كیمیاباران لەداھاتی نەوت و سامانی سروشتی ئاوەدان بكرێتەوە بە پێی دەستورو یاسا بەركارەكان.
چواردەیەم: دادگایی كردنی باقی تاوانبارانی دۆسیەی ئەنفال بەتایبەتی ئەوانەی لەلایەن دادگای باڵای تاوانەكانی عیراقەوە بە لیستێك داواكراون.
پانزەیەم: داوا لە میدیای كوردی دەكەین بایەخ بەو مێژوەو تاوانەكانی شاڵاوی ئەنفال و لێكەوتەكانی بدەن. نەك تەنیا لە ٤/١٤ دا بەڵكو بكرێنە پرۆگرامی رۆژنامەیی رۆژانە.
بۆ رای گشتی دوپات دەكینەوە كە
یەكێتیەكەمان بە كردەی خۆبەخشی لە نوسین و توێژینەوەو یەكخستنی توانا كەسیەكان یادی قوربانیانی ئەنفال دەكەینەوە.
لەھەمان كاتدا ھەرگیز ئەو تاوانە لە بیر ناكەین و كار دەكەین بۆ راپەڕاندنی ئەركە نیشتمانی و ئینسانیەكان لە پێناو دوبارە نەبوونەوەی تاوانی ھاوشێوە بەسەر گەلەكەمان و لەبیرنەكردنی تاوانی ئەنفال و جینۆسایدی كوردستان.

یەكێتی نوسەرانی جینۆسایدی كوردستان
٢٠٢٣/٤/١٤

گەنم و جۆیی جوتیاران لافاو زیانی پێگەیاند و داوای قەرەبوو دەكەن
پێت گەنم و جۆیی جوتیاران لافاو زیانی پێگەیاند و داوای قەرەبوو دەكەن
كێ‌ دزە بە زانیارییە هەواڵگرییەكانی ئەمریكا دەكات؟
دوات كێ‌ دزە بە زانیارییە هەواڵگرییەكانی ئەمریكا دەكات؟
پەیوەنیدر