حەسەن جەمال: دەبێت كێشەی كورد چارەسەر بكرێت
نووسەر و ڕۆژنامەنووسی بەناوبانگی توركیا حەسەن جەمال لەلایەن پارتی چەپی سەوز كە هەدەپە لەخۆ دەگرێت لەناوچەی دووی ئیستەنبوڵ بۆ هەڵبژاردنەكانی 14ی ئایاری 2023 بەربژێركراوە.
حەسەن جەمال یەكێك لە نووسەرە گەورەكانی توركیایە و دۆستی كوردە و پێنج كتێبی لەسەر كورد نووسیوە.
حەسەن جەمال بۆ ئاژانسی فوڕات نیوز دەڵێت”ئەم هەڵبژاردنە بە ‘هەڵبژاردنێكی مێژوویی’ و بە ‘هەڵبژاردنێكی چارەنووسساز’ دەزانم. ئێمە لە قۆناغێكی هەستیار و قەیراناویداين. ماوەی بیست ساڵە توركیا زۆر بە خراپی بەڕێوە دەبرێت، بووەتە وڵاتی قەیران. ئێستا پێویستە ئەم وڵاتە قەیراناوییە بونیات بنرێتەوە. دەتوانین ئەو بونیاتنانەوەیە بە كۆماری دیموكراتیك ئەنجام بدەین.”
دەشڵێت “پێویستە كێشەكان، بەتایبەتی كێشەی كورد، بخەینە سەر ڕێگای چارەسەری. دەبێت لێبوردن ڕابگەیەنرێت و زیندانییە سیاسییەكان ئازاد بكرێن. دەبێت ڕۆژنامەوانان ئازاد بكرێن. پێویستە حەق، ماف، یاسا و دادپەروەری سەرلەنوێ بگەڕێنرێنەوە و دەبێت توركیا بەوانە بونیات بنرێتەوە”.
ئەوەی لە توركیاوە پێویستە ئەوەیە، كە ڕۆحێكی لێكتێگەیشتن لە ژێر سەقفی پەرلەماندا دروست بكرێت و كێشەكان بەو ڕۆحە چارەسەر بكرێن. تا ئێستا لایەنە سیاسییەكان لە گۆڕەپانی سیاسیدا لەجیاتی ڕكابەری وەك دوژمن هەڵسوكەوتیان لەگەڵ یەك كردووە. كۆمەڵگای توركیا لە یەك دوورخراوەتەوە و بە ڕژێمی تاكەپیاوی ئەو دۆخە خراپتر بووە”.
ئاماژەی بەوەشكرد “سیستەمێكی داتەپیو هەیە، پێویستە ئێمە ئەوە بگۆڕین، بەڵام هەنگاوی یەكەم بۆ ئەوە، ئەوەیە، كە ئێمە ڕژێمی تاكەپیاو لە مێژوودا بشارینەوە. ئەگەر ئێمە لە توركیا ئەو ڕژێمە تاكەپیاوییە بە دەنگی گەل لانەبەین، ئەوا شتی خراپ ڕوودەدات.”