بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم كۆببێتەوە، بابەتی دابینكردنی دەرمان و پێداویستییە پزیشكییەكان، تەوەرێكی كۆبوونەوەكە دەبێت.
جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێم بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆ دەبێتەوە و تێیدا چەند تەوەرەیەك دەخرێنە ڕوو.
ئەوەشی وتووە، لە بڕگەی یەكەمیدا بابەتی پاراستنی هاووڵاتیان و دامودەزگە خزمەتگوزارییە حكومییەكان لە ڕێگەی بەدوورگرتنی هەرێمی كوردستان لە ڕاكێشانی كێشە ناوچەیی و دەرەكییەكان بۆ ناو هەرێمی كوردستان دەخرێتە ڕوو.
هەر بە پێی وتەی جوتیار عادل، بڕگەی دووەمی كۆبوونەوەكە تایبەت دەبێت بە خستنەڕووی بابەتی دابینكردنی دەرمان و پێداویستییە پزیشكییەكان، بە مەبەستی دیاریكردنی كێشە و چارەسەرەكان.
بابەتی سیاسەتی پاراستنی منداڵان لە هەرێمی كوردستان، لە بڕگەی سێیەمی كۆبوونەوەكەدا دەخرێتە ڕوو.