وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی حكومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، پڕۆژەی هێڵی شەمەندەفەر ھەنگاوی گرنگی ناوە و دەمانەوێت لەساڵی داھاتو دوای كۆتایی ھاتنی قۆناغی كەڵكی ئابوری، ئامادەكاری بۆ دەستپێكردنی قۆناغی دیزاین و جێبەجێكردن بكەین.
بەپێی ڕاگەیەنراوێكی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە، دانا عەبدولكەریم، وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن لە دیوانی وەزارەت پێشوازیكرد لە ئایمان ئاشۆ، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای سیمێنس مۆبیلیتی-ترنكی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا و یوسف خەلیفە، بەڕێوەبەری جێبەجێكار ناوەند لە كۆمپانیای (دۆچەبان)ی ئەڵمانی ڕۆژهەڵاتی (ناوەڕاست و نزیك).
بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، گفتوگۆكرا لەسەر دامەزراندنی تۆڕی شەمەندەفەر لەھەرێمی كوردستان و ھەنگاوەكان، كە لەو بوارەدا نراون و ئاڵوگۆڕی بیروڕا و زانیارییەكان كرا بەمەبەستی ئامادەكاری بۆ قۆناغی دوای كەڵكی ئابوری پڕۆژەكە، كە خۆی لە دیزاینكردن و جێبەجێ كردندا دەبینێتەوە.
وەزیری ئاوەدانكردنەوە ڕایگەیاند؛ پڕۆژەكە ھەنگاوی گرنگی ناوە و دەمانەوێت لەساڵی داھاتو دوای كۆتایی ھاتنی قۆناغی كەڵكی ئابوری، ئامادەكاری بۆ دەستپێكردنی قۆناغی دیزاین و جێبەجێكردن بكەین.
پڕۆژەی ھێڵی شەمەندەفەر لەھەرێمی كوردستان، لە ئێستادا لە قۆناغی بەھا و كەڵكی ئابوری (جدوی الاقتصادی)یە، ھەمانكات وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە لێكتێگەیشتنێكی لەگەڵ كۆمپانیای (دۆیچەبان)ی ئەڵمانی واژۆكردوە بۆ پڕۆژەكە، كە خۆی لەدیزاین و دۆزینەوەی لایەنی ئابوری بۆ سەرپەرشتیكردنی پڕۆژەكە دەبینێتەوە لەڕووی كوالێتییەوە.