بەهۆی پێشبینی هاتنی شەپۆلێكی بەهێزی باران بارین و ئەگەری ڕوودانی لافاو لە ئەمشەوەوە بۆ سەر هەرێمی كوردستان، بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی سەرجەم تیمە تەندروستییەكان دەخاتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.
سامان شێخ لەتیف، وتەبێژی تەندروستی سلێمانی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، بەپێی پێشبینییەكانی كەشناسی، شەپۆلێكی چڕی بارانبارین ئەگەر دابارینی زۆر باش هەیە لە ماوەكانی داهاتوودا، بۆیە ئێمە وەك بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی لەسەر فەرمانی بەڕێوەبەری گشتی بەمەبەستی بەهانا وەچوونی هاووڵاتیان لەكاتی پێویستیان سەرجەم تیمە تەندروتسییەكان خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.
ڕاشیگەیاند، لەئیستادا لەڕێگەی (23) تیم سەرجەم تیمەكانی فریاكەوتنی تەندروستی لە ناو شاری سلێمانی لەحاڵەتی ئامادەباشیدان.
وتەبێژی تەندروستی سلێمانی هیوای سەلامەتی بۆ خاووڵاتیان دەخوازێت و داوایان لێ دەكات، “لەكاتی پێوستیان بە تیمی تەندروستی لەڕێگەی ژمارە 122 پەیوەندی بكەن لەكەمترین كاتدا تیمەكانمان ئامادە دەبن”.